غەمزەی چاوەکەت خستوومی بە داو
لە کتێبی:
دیوانی مینە جاف
بەرهەمی:
مینە جاف (1911-1965)
2 خولەک
464 بینین
غەمزەی چاوەکەت خستوومی بە داو
وەک کۆترێ کەوتبێتە تۆڕ و داو
ئەوگار و زامار پەڕ و پۆ شکاو
گیرۆدەی قەفەس قاپی داخراو
بە خوا هەر منم شۆخی هەڵۆ چاو
بە نیو نیگای ناز پێکای دڵەکەم
ئێستە ئازیز گیان من بولبولەکەم
بە ڕۆژ و بە شەو لە سەر چڵەکەم
ئەڵێم بۆ نەهات تاقە گوڵەکەم
من پەڕەی جەرگم وابوە خوێناو
لە دووریی باڵات ئەسووتێ دەروون
دڵ ئەناڵێنێ ئەگری بە زەبوون
دیل و دەر بە دەر هەر وەکوو مەجنوون
سڵ بە ئاسایش بڕیار و سکوون
ئازیز گیان منیش شێت و پەشێواو
تاووسی باغە یا ئاهووی هەردە
کۆترە یا کەوی وەحشیی سەر بەردە
مانگە وە هەڵهات لە بورجی چواردە
یا خۆ نازاری شۆخی مل زەردە
بە نیونیگای ناز هەڵئەسێ لە خاو
سەوڵی چیمەنە یا سروەی نازە
دارای عەرعەرە لە سەر ڕێوازە
ئەڵێی گوڵ باغە وا هەڵهات تازە
یا ئازیز گیانە بەم عیشوە و نازە
لە ماڵ هاتەدەر دڵم بوو بە ئاو
مانگ خۆی خستە ژێر هەوری سیاوۆ
شەفەق لە پشتی پەردەی شەو ماوۆ
خۆر هاتە بەر کەل دیسان گەڕاوۆ
گوڵباغ کەوتە پشت پەردەی گەڵاوۆ
چارشێوی لادا لێل دەم و چاوۆ
ئەڵماس و گەوهەر لێل لەعلی یەمەن
یاقووت و زومڕووت پیرۆزەی پەسەن
هەموو بە جارێ شکان بوون بە پەن
یار کە پێکەنی کەوتە شەکەرخەن
نوقڵ لە لێوی ئەبارێ تاوتاو
گەر غونچە و سونبول ئە شۆخی و نەرگس
ڕێحانە و شەوبۆ وشک بوون چون لە دەس
عەتر و عەنبەر و موشکین بوون قەقنەس
گوڵاو نامووسی بۆ نەما لای کەس
کە بۆی شەکەنجەی کەوتوتە ناوۆ
تێکچوو بازاڕی نەبوو شوورەیی
شمشاد و عەرعەر شکیا مەنسەبی
تووبا ڕۆی کەوتە موڵکی غەریبی
سەر و دایهێڵا سەر بە مەحجووبی
ڕەعنا شۆخەکەم کەچ و سەراوۆ