ئەوا سوڵتانی نەورۆزی سوپای تیپ تیپی هێناوە

لە کتێبی:
دیوانی مینە جاف
بەرهەمی:
مینە جاف (1911-1965)
 2 خولەک  580 بینین
ئەوا سوڵتانی نەورۆزی سوپای تیپ تیپی هێناوە
ڕەنگاوڕەنگ ژاڵە و نەرگسی لە دەشتا خەیمەیی داوە
بە سروەی بای نەسیم کاوان شکاوە تەختی یەخبەندی
لە لایێ زایەڵەی تەیرە لە لایێ هاژەیی ئاوە
لە لایە زیڕەیی قوڵنگە لە لایێ نەعرەیی شاهین
لە لایێ قیژەیی کۆترە بە چنگی بازی شەهلاوە
لە لایێ خوێندنی سوێسکە لە لایێ قەهقەهەی پۆڕە
لە لایێ قاسپەی کەو تێ لە تەک فەجرا تێکڵاوە
لە سەر ئەورەنگی زومڕووتی لە سەحرادا ئەڵێن نەرگس
وەکوو سوڵتانی نەورۆزی لە سەر تاجی تەڵای ناوە
دەڵێی ئەگریجەیی پەخش و پەریشانی نیگارانە
شنۆی ئەگریجەیی شەوبۆ ئەشنیۆ بە دەم باوە
بە ڕەنگی خاڵی ئاوداری سەری گۆنایی گوڵرەنگە
لە ڕوویی لالە ئەو خاڵەی بە ناز و عیشوە نەخشاوە
چیا ڕازاوەتۆ وەک بووک دەڵێی ئەم بووکە مەخسووسی
کەوای سەوز و کراسی سوور و سوخمەی زەردی پۆشاوە
لە باتی چەتفەی سورمە بەنەوشە چارەکەی کۆڵیە
چ شیرین تازە بووکێکە بە گوڵ چارشێوی داداوە
بڕۆن یاران تەماشا کەن چەمەن ئارایشی خۆی کرد
بە گوڵ ڕەنگین بووە دێژێ بەهەشت هاتوەتە دنیاوە
لە پرشەی ڕەنگی عاقیقی گوڵە زەردە ئەبێت حەیران
سەحەرگاهان کە خۆر هەڵتێ و ئاو و ئاونگی لێداوە
بە شوعلەی خور ئەڵیێ مروارییە شەونم تریسکەی تێ
گوڵە خاشخاش دەڵێی لەعلە و وە یا پیرۆزە ڕژیاوە
تەماشای باغ و گوڵشەن کە دڵی سەد دڵ دەکا حەیران
دەڵێی وا جەننەت و فیردەوسی لە سەر ئەرز جیلوەیی داوە
وەکوو ئاوازی سەمتوورە سەحەر بولبول ئەناڵێنێ
بە ڕەنگی کوڵمی مەحبووبە بە پەڕەی گوڵ غونچە پشکاوە
نموونەی پەرچەمی شێواوی پەخشی شۆخی تەننازە
پەشێویی سونبول و نەسرین و سۆسەن وا بە شەیداوە
لە سەر سەفحەی گوڵی شەست پەڕ ئەنووسێ خامەیی سۆسەن
بە ئەمری حەییی دادارە «ئەمین» ئەم ڕەنگە ڕێژیاوە