وەرن یاران تەماشا کەن چ شیرین نەوبەهارێکە
لە کتێبی:
دیوانی مینە جاف
بەرهەمی:
مینە جاف (1911-1965)
2 خولەک
632 بینین
وەرن یاران تەماشا کەن چ شیرین نەوبەهارێکە
ئە هەر لایەک ئەچیت یا مێرگە یا خود لالەزارێکە
کەوایی تازەیان پۆشا چیا و هەرد و کۆسار
بە ڕەنگاو ڕەنگی لێی داوە عەجەب نەقش و نیگارێکە
چەمەن ڕازاوەتۆ ڕەنگین بە ڕەنگی لالە و نەرگس
نموونەی جەننەت و ڕێزوان لە گشت دەشت و دیارێکە
ڕەیاحین عەتری بەخشاوە لە عەتری غونچە و عەنبەر
نەسیمی سوبح گاهان تێ شەمیمی موشک بارێکە
چیا ئارایشی خۆی کرد بە سەد ڕەنگ ڕەنگی لێداوە
بە گوڵ چارشێوی داداوە ئەڵێی بووکی تیجارێکە
تەماشای عیشوە و نازی بەڕەزای پاڵی تاوێر کە
ئەلێی مەحبووبی تۆراوە لە سایەی بەرقەتارێکە
شنۆی ئەگریجەیی شەوبۆ لە بەینی لالە و نەرگس
مەڵێ نەمدیوە وەک زوڵفی پەشێوی دڵ فگارێکە
بە تاجی زیو و ئاڵتوونی لە مێرگی دڵ گوشا نەرگس
لەسەر ئاوڕەنگی زمڕووتی لە سیحرا شەهریارێکە
بە عەینی خاڵی سەرو کوڵمی دلارامە
لە جەرگی لالە ئەو خاڵەی کە ماوی و ئاودارێکە
گوڵاڵە چین بە چین سەف سەف لە دەشتا خەیمەیی داوە
بەنەوشە زەرد و سوور و شین عەجایب نەشئەدارێکە
لە هەر کوێ دۆڵ و شیوێ بێ ڕەنگاوڕەنگ نەقشی کریاوە
بەڵێ سەد گوڵشەنی جەننەت لە دەوری کۆهسارێکە
ئەچیتە سەیری هەر مێرگێ لە گوڵ ڕێی پێت نییە داینێیت
دەڵێی سەد دڵ ئەکا حەیران چ شیرین نە بەهارێکە
لە گوڵشەن دەنگی سەمتوور و سەدایی سازت پێناوە
لەسەر هەر سەروێ ئەڕوانی نەوای کۆکۆی هوزارێکە
دەچیتە سەیری گوڵ باغ و بە ڕەنگی ڕوومەتی دولبەر
دەشنێ و پرش ئەدا بولبول لە لایا نەغمەدارێکە
بەنەوشە و سونبول و نەسرین بە عیش و زوڵفیان بەخشە
بە عەینی پەرچەمی پەخش و پەشێوی چاو خومارێکە
ئەمانە مینە جافناسناوی ئەدەبی گشتی بە ئەمری حەییی دادارە
بنازم قودرەت و جاهی کە وا پەروەردگارێکە