قەڵەم بنووسە بە خوێنی دڵم
شیوەن بۆ «ئافتاو»ی کچی و «حەمە»ی کوڕی. حەمە لە ١٦/٤/١٩٦٣ مرد و ئافتاویش لە تەمەنی هەژدە ساڵیدا لە ساڵی ١٩٦٣ مرد.
لە کتێبی:
دیوانی مینە جاف
بەرهەمی:
مینە جاف (1911-1965)
2 خولەک
544 بینین
قەڵەم بنووسە بە خوێنی دڵم
مێژووی شیوەنی دوو غونچەی گوڵم
ئەیڕۆ کوا «حەمە» پشتی شکانم
ئەیڕۆ بۆ «ئافتاو» جەرگی سووتانم
ئەیڕۆ بۆ حەمە جێی گشت کەسم
قووەتی ئەژنۆ و شمشێری دەسم
ئەیڕۆ بۆ ئافتاو ئەو شۆخ و شەنگە
ئەو سەروی سالار ئەو گوڵباغ ڕەنگە
ئەیڕۆمەن حەمەی جوانەمەرگم ڕۆ
برای ئافتاو گیان بەنی جەرگم ڕۆ
ئەیڕۆ بۆ ئافتاو ئەو خەڵفی ساوە
ئەو باڵا عەرعەر ئەو هەڵۆ چاوە
ئەی دڵ بێ قڵپەی خوێناو بڕێژە
لێل من وە شیوەن وەم زوانە بێژە
یا خوا کەس وەک من ئاخر شەڕ نەوێ
نائومێد لە دوو سەروی تەڕ نەوێ
حەمە وە پانی توێڵە پانەکەت
ئافتاو وە بەژنی باڵا جوانەکەت
سەرتا پای باڵام بووگە وە قەقنەس
شینی ئێوەمەن تا ئاخر نەفەس
حەمە وە بازی چاوە بازەکەت
ئافتاو وە نازی خاڵە تازەکەت
پەڕەی جەرگەکەم پڕ لە خوێناوە
یەک یەک گیان و دڵ وەک شەم تاویاوە
ئەیڕۆ دوو غونچەی بۆی دەماغم ڕۆ
دوو وەلەد ئاهووی سەر پاییزم ڕۆ
دوو نووری دیدە دوو ئازیزم ڕۆ
ئەیرۆ بۆ حەمە مایەی جوانیم
ئەیڕۆ بۆ ئافتاو گوڵی زینگانیم
یا خوا کەس وەک من نەوێ سیابەخت
تل نەدا وە دەم جووتێ زامی سەخت
یا خوا کەس وەک من سوێی نەوێتەوە
زامی دوو زامەی نەکولێتەوە
کەس کوڕی نەمرێ وە جوانەمەرگی
دوو گوللەی بڕناو نەدا لە جەرگی
بۆ ئەوەی دایم نەچێت لە بیرم
بە سۆ بێت زامی پڕ لە تەئسیرم
دایم خوێنرێژ بێ زامانی سەختم
کۆچی دواڕۆژی حەمەی بەدبەختم
بە میلادی بۆ مێژووی سەفەری
غونچەی گوڵ شەنم بڕا ئەڵوەری
«حەمە» تەمموز ڕۆژ تشرینی سانی
هەر ئەو ساڵ «ئافتاو» مرد بە جوانی