هەی لایە لایە سەرکەوت لای لایە

لای لای حەبە خانی کەریم بەگ بۆ سەرکەوتی کوڕی
لە کتێبی:
دیوانی مینە جاف
بەرهەمی:
مینە جاف (1911-1965)
 1 خولەک  595 بینین
هەی لایە لایە سەرکەوت لای لایە
ڕۆڵە گوێ بگرە لە دەنگی دایە
ئەو دایەی دووجار گیان و تەم و خەم
چاو پڕ لە فرمێسک، دڵ خوێناو و تەم
ئەپرسی ڕۆڵە بۆ چی پێشوەکان
هیچ هەوڵیان نەدا بۆ ڕێگەی کوردان
کام ڕێ ڕێی بەرزی قەومی دواکەوتوو
کام ڕێ ئەو ڕێگەی ناویشی گوم بوو
گوێ بگرە سەرکەوت ڕۆڵەی شیرینم
لە خوام گەرەکە مەرگت نەبینم
ئەم جەژنی نەورۆز من چووم بۆ ئێران
تووشم بوو پیرێ، لە شوێنی سەیران
پرسیم لەو پیرە ئەم خاک و ئاوە
ئیستە داکەوتو و مات و داماوە
هاتە ئەزوان پیری کۆنە ساڵ
جوابی دامەوە بە زوانی حاڵ
وتی ئەم خاکە ماوای کوردان بوو
نۆشینگەی تەختی ڕۆڵەی مەردان بوو
جێگەی حاکمی پادشای کورد بوو
ماوای شێرانی ڕۆژی نەبەرد بوو
گەردشی گەردوون چەرخی بەد ستەم
تێکی دا دەزگای شاهانی حەتەم
دوژمنی شاد کرد بە خاک و ئاومان
ناوی گوم کردین زەلیل بوو ناومان
نەماوە خەوم ئارامم قاتە
تەمی هەناسەم لە سەماواتە