سەرتیپ نەمامی باغی زینگانیم
ئامۆژگاری بۆ «سەرتیپ»
لە کتێبی:
دیوانی مینە جاف
بەرهەمی:
مینە جاف (1911-1965)
2 خولەک
493 بینین
سەرتیپناوی تایبەت نەمامی باغی زینگانیم
نووری بینایی و سەرمایەی جوانیم
وەرە سەعاتێ لە لام دانیشە
دڵت بەتاڵ کە تۆ لە ئەندیشە
نەچێت لە بیرت هەر چیت پێ ئێژم
لە ناوی مێشک و دڵت ئەینێژم
کوڕم من پیر بووم هێزم بڕاوە
تابو و توانایی، هەوڵم نەماوە
فەقەت تۆ شوکور دەمی جوانیتە
هەوڵ پێپلکەی کامەرانیتە
تکات لێ ئەکەم سەرتیپ حەیاتم
بۆ خوات پێ ئەڵێم گوڵی نەشاتم
خۆت ڕوو ڕەش نەکەی لە قاپیی خوا
خۆت نەکەی ڕوو زەرد مەحکەمەی جەزا
حقووقی قەوم و وەتەن نەفرۆشی
لە بەر خۆت بۆ غەیر قەت تێنەکۆشی
کزی و برسێتی و لاتی گشت کوردێ
ژین و زینگانی گشت گەورە و وردێ
بە کزی و لاتی خۆتی بزانە
هەر کەس وا نەبێت بە زۆڵی دانە
وەها مەزانە هەر کوردت ناو بێ
شەرتی قەومیەت ئیتر تەواو بێ
ڕۆڵە ئەو کەسە کوردی تەواوە
بەڕاسی ناوی خۆی بە کورد ناوە
ماڵ و ئەولاد و ژین و حەیاتی
بەرزی و ئامال و خۆشی و نیشاتی
لە گەڵ گشت کوردێ بە گشت بزانێ
ئینجا ئەتوانێت خۆی بە کورد دانێ
فەقەت بەعزێ هەن حەرامزادە و پوشت
بو نەفعی شەخسی برا و باوک کوشت
حقووقی ژین و بەرزی قەومەکەی
ئەخاتە ژێر پێ لە بەر بۆدرەکەی
کوڕم ئەوانە زور باش مەعلوومن
دایک ئاشکرا و باوک مەوهوومن
دەغیلت بووگم ئامان سەد ئامان
بووم بە خاتری ئایەتی قورئان
خۆت بوغزیاو نەکەی لە بەر مەنفەعەت
نەبیت بە هەدەف بۆ تانەی میللەت
قازانج و بەرزی خۆت لا گەڵاو بێ
لات بەو کوردێکی خاوێنت ناو بێ
تێکۆشە بە گیان بگەڕێ بۆ هەل
بۆ بەرزی وەتەن بۆ ژیانی گەل
هەوڵ و کردارت وا بێ گشت ئانێک
مەحبووب بیت لە لای هەموو کورد زوانێک
کە مردیت ئەوەن پاک و تەمیز بی
لای وەلی و بێ دین وەک یەک عەزیز بی