ئەی فەڵەک بۆ کورد خوێنەخۆی تۆ بوو
بۆ لافاوی سلێمانی و قزرەبات و قەرەخان و ئەرکەوازی و بوومەلەرزەی کرماشان و هەمەدان
لە کتێبی:
دیوانی مینە جاف
بەرهەمی:
مینە جاف (1911-1965)
3 خولەک
652 بینین
ئەی فەڵەک بۆ کورد خوێنەخۆی تۆ بوو
برا کوشتەی تۆ و کینە جۆی تۆ بوو
بۆ چی هەر وەکوو دوژمنی خوێنی
بە هەموو ڕەنگێ ڕیشەی دەربێنی
خۆ سلێمانی فەخری کوردانوو
ئامان جێی هیوای گشت کوردزوانوو
بۆ بە شەپۆلی لێڵی لافاوت
کاولی ئەکەی دەک کوێر بێ چاوت
ڕەببی ناو دڵت لەت کرێ بە تێخ
ڕەببی ناو دڵت لەت کرێ بە تێخ
پاش سلێمانی شاری قزرابات
بۆ چیت کاول کرد بۆ ڕیشەی دەرهات
پێم بڵێ ئەی چەرخ ئەمە ویجدانە
ئەمە قانوونی ئەهلی ئیمانە
لە هەوەڵ شەوی چل شەوەی زستان
لە جۆشی سەرما و یەخ و یەخبەندان
تۆ پێنج سەد ماڵی شاری سەعدییە
کاولی ئەکەی لە پێو جێی چییە؟
داڵدەیان ئەکەی بە خەیمەی نایلوون
موحتاجیان ئەکەی بە قەسپ و سەموون
دوو سەد ماڵی تر لە ئەرکەوازی
بەم سەرما و سۆڵە ئەشێوێ نازی
دوو سەد ماڵی تر لە قەرەخانا
گشت هەڵ ئەتووتێن لە بەر بارانا
نوغرۆیان ئەکەی بە سەیل و لافاو
ماڵ و منداڵیان ئەخەیتە سەر ئاو
لە خاوەر زەمین ئۆلکەی کرماشان
سەرحەدی سەقز هەتا هەمەدان
کاولی ئەکەی تۆ بە زەلزەلە
ئەیاندەیتە بەر شەق و شەپازلە
حەوت هەزار ماڵی کوردی بێچارە
ماڵ وێران ئەکەی ڕسوا و ئاوارە
لە گشت لایەکۆ زایەڵە و ڕۆیە
شیوەنی مەرگی نەمامی نۆیە
ئە هەر کوێ ئەچم لاشەی جوانانە
یا لە ژێر دیوار یا لە قەبرانە
چەند کچی تری شۆڕی شۆخ و شەنگ
ڕوومەت پەڕەی گوڵ لێو لەعلی فەرەنگ
لە شیرین خەودا دیواری خانۆ
کەوت بە سەریانا و لە ژێریا مانۆ
چەن خانەوادەی خان و خانزادە
چەن گەورە ماڵی میر و بەگزادە
هەمووت کاول کرد نەما ئەساسی
ساحبی وێڵ بوو مرد بە کەساسی
سێ هەزار کەست کردە ئاوارە
پەنایان بن بەرد یا بەر موغارە
خۆت ئینساف بدە ئەی چەرخ تو خوا
ئەم جەورە کە تۆ کردت کەس ئەیکا!
نازانم چی بڵێم کۆنی کەچ ڕەوشت
ناکەس پەرەست و شوومی بەد سورشت
لە خوام گەرەکە نەتبێ ڕەهایی
نەبینی خۆشی و ڕۆژی ڕۆشنایی
بۆ هەموو ساڵێ بە دڵی غەمگین
بە ئاوی چاو و فرمێسکی خوێنین
چینێ نەو نەمام گۆڵ بۆی تازە دەم
بە سزاو و مەینەت تێنیتە بەرهەم
لە ناکاو وەکوو دوژمنی پڕ قین
شادیمان ئەکەی بە گریان و شین
ئەیاندەیتە بەر شمشێری ئەجەل
ئەیبڕی ڕیشەی نەشات و ئەمەل
دەک فەڵەک ڕەببی هەر خەم بەرگت بێ
هەموو کاتێکت سزای مەرگت بێ
نەبینی شادی و نەشاتێ لە ژین
چونکە گشت ساڵێ ئەمانخەیتە شین