بێکەس کەسی تۆ قەومەکەی بێ کەس

شیوەنی «فایق بێکەس»
لە کتێبی:
دیوانی مینە جاف
بەرهەمی:
مینە جاف (1911-1965)
 2 خولەک  901 بینین
بێکەس کەسی تۆ قەومەکەی بێ کەس
شەرتە ئێشم بێ تا ئاخر نەفەس
شەرت بێ ئێوارە و سوبح و نیوەڕۆ
تا ئەمرم بڵێم کاک فایقناوی تایبەتم ڕۆ
دەریای مەعریفەت سەر شاعیرم ڕۆ
ئەدیب و دانا و هەم ماهیرم ڕۆ
فیردەوسی گوفتار بێ دڵ پیرم ڕۆ
حاج قادری کۆی بەرز و ژیرم ڕۆ
داواچی تۆڵەی کوردستانم ڕۆ
سەرۆکی پۆلی شاعرانم ڕۆ
کاکە ڕۆینەکەت بۆ خۆت ئێش نەبوو
هەر ئێش بۆ برا و قەوم و خۆیش نەبوو
دڵنیات ئەکەم چی کورد زوانە
دڵ پڕ لە خوێن و دیدە گریانە
هەر کوردێ بڵێی کە تۆزێ ژیر بێ
دارای عەقڵ و فام، خاوەنی بیر بێ
لەم کۆچی تۆیە ئاوات وە مەرگە
جاڕس لە ژین و بریندار جەرگە
چونکە لە دوای تۆ کەس نییە وەک تۆ
چی بە بیریا بێت بیخاتە دەشتۆ
تۆ لێت یەقین بێ نەمردووی ماوی
هەتا دونیا بێ هەر ناوبراوی
«بیست و حەوت ساڵە» و «شەرتە شەرتە»کەت
هەیکەلن بۆ تۆ لە ناو قەومەکەت
فایق گیان خۆ تۆ دڵ ئازار نەبووی
بێ ڕەحم و خوێنمژ ستەمکار نەبووی
ئەم جەورە چی بوو بەم سەرما و سۆڵە
کردت لەم قەومە شووم و کڵۆڵە
گشت لە قوڕ دایە و خەریکی شینە
هەموو قوڵاخی و سیپاڵ خمینە
بەڵێ تۆ بۆ سەیر باغی ڕیزوان چووی
بۆ دیداری بینی حوور و غیلمان چووی
ئەمما ژیانت لە ئێمە تاڵ کرد
گشت کوردت لێوە و شێت و عەوداڵ کرد
دەڵێم بە مێژوو بەرگوزیدەکەم
ڕووم بێ ڕویشتیت نووری دیدەکەم