پیرەمێرد دیارە ئەزانی تۆ هەواڵی عێلەکەم
پرسیار لە «پیرەمێرد»ی شاعیر
لە کتێبی:
دیوانی مینە جاف
بەرهەمی:
مینە جاف (1911-1965)
2 خولەک
660 بینین
پیرەمێرد دیارە ئەزانی تۆ هەواڵی عێلەکەم
پێم بڵێ، بۆ کوێ چوو، ڕووی کردە کوێ، کوا خێڵەکەم
موددەتێکە من ئەسوڕێمۆ بە ئەم سەودایەوە
بوو بە ماخولیا لە سەرما، بووم بە ئەم خولیایەوە
هیچ کەسێکم دەس نەکەوت بێت و بە ڕاسی پێم بڵێ
تا ئە دیوانی گەلاوێژ چووم و دێم دەسکە گوڵێ
سەیری ئەو دەسکە گوڵەم کرد من بە چاوی موشتەری
تێ فکریام گوڵ نییە، گشت گەوهەرە لای جەوهەری
مختەسەر مەفهومی کردم ئەو هەواڵ و مەتڵەبە
وا دیارە دیوتە تۆ پشت ماڵە و ئەو دەبدەبە
چۆن بووە تۆ بی خوا ئەی پیرەکەی بێ کیزب و گەزاف
کەوکەبەی مەحموود پاشا و شەعشەعەی میرانی جاف
ڕۆییتە ڕێی کۆچ، کە وەختێ خێڵ ئەهاتە خوارەوە
پۆلی نازارانت دی بوو تۆ بە تلمیت بارەوە
دەوری دوو ئاوانت دی بوون و هەواری خێڵ ئەهات
هەر هەوارێکت ئەدی پڕ بوو لە سەد خۆشی و نەشات
ئەو ئەمیرانەی ئەهاتن سەر بە زەوقی تازەوە
هەر یەکێ سەر لەشکری تیپێ بە تەپڵی بازەوە
ئێستە کە ئەی پێرەمێرد بۆیە لە تۆم پرسی هەواڵ
چوومە ئەو وارگە، نەبوو لە ئەو وارگە غەیر ئەز دڕک و داڵ
دیم لە جێی مەحموود پاشا و هەوارگەی میرەکان
بایەقوش لێل قوشقەڕە و داڵ و قەڵا گرتوویە لان
پێم بڵێ تو بی خوا ئەی پیرەمێرد ئەحواڵیان
چی بە سەر هات ماڵە گەورە، کەوتە کوێ پشت ماڵەیان