ئەی بتخانەکەی لای دەربەنی خان
بۆ بتخانەکەی لای دەربەندیخان
لە کتێبی:
دیوانی مینە جاف
بەرهەمی:
مینە جاف (1911-1965)
2 خولەک
617 بینین
ئەی بتخانەکەی لای دەربەنیخانناوی تایبەت
بینایی وێرانەی سەرچەمی سیروانناوی تایبەت
تۆ خوا پێم بڵێ تۆ دەسکاری کێیت
ڕەمز و بناغە و یادگاری کێیت
کێ کردووییتی بۆ چی وێرانەی
بۆ چی کاول و بایەقوش خانەی
تکات لێ ئەکەم بمدەرۆ وەرام
خاس تێم گەیەنە لێت بووم سەرسام
هاتە ئە زووان بینای وێرانە
وەرامی دامۆ بەم بەیانانە
وتی برا گیان بۆچ ئاگرت دام
بۆچ توێژی زامی توێژ بەسەت لادام
لە من مەپرسە سەیری ئازام کە
سەیری هەیکەلی ناوی بینام کە
بڕوانە مەعنای قەڵای شەمیران
جا باش تێ ئەگەی لە ئێمەی وێران
قەڵای شەمیران قەڵای شا و میران
نیشتمانی تەخت جێی ئقلیم گیران
ئەم هەیکەلانەی پێی ئەڵێن بتن
گشت وێنەی شاهان بڵند هیممەتن
وێنەی شەهەنشا و میرانی کوردن
ڕەمزی شێرانی ڕۆژی نەبەردن
من بتخانە نیم جێگەی شاهانم
نشینگەی تەختی جەمشید جاهانم
ئێوە لە مێژووی پێشوومان وێڵن
هەر وەکوو کوێری بینایی لێڵن
لە بەر بێ عیلمی سەرتان سڕماوە
ناوی ئێمەتان بتخانە ناوە
من و پەیکوڵی و قەڵای شەمیران
ئێستە بەم ڕەنگە وا بووین وێران
ماوا و مەکانی تاجداران بووین
قەسری سەڵتەنەت شەهریاران بووین
جێی بەزم و تەدبیر شا و وەزیران بووین
لەشگرگەی لەشکر سەر ئەمیران بووین
ناوم شانشین قەومی کوردان بوو
شاهم حاکمی گشت کورد زوان بوو
حوڕ و سەربەست بوو بێ پەروا و دڵشاد
لە ئێشی زوڵمی دوژمنان ئازاد
گەردشی گەردوون دوونی ستەم جۆ
تێکی دا دەزگای شاهانە و شکۆ
دوژمنی شاد کرد بە خاک و ئاومان
ناوی گوم کردنین بتخانەی ناومان