ئەم شەڕنامەیەم بۆ گشت گەلی کورد
شەڕنامەی شێخ مەحموودی نەمر
لە کتێبی:
دیوانی مینە جاف
بەرهەمی:
مینە جاف (1911-1965)
2 خولەک
560 بینین
ئەم شەڕنامەیەم بۆ گشت گەلی کورد
بۆیە نووسیوە تێبگەن ورد ورد
شێخ و گەورەکان لە سەر تۆڵەی کورد
بە گیان و بە ڕۆح خەباتیان کرد
جێیان بە شاخۆ یان لە سەری بەرد
ئەی گەل هەر شێخ و هەر بەگ و خان بوون
لە ڕێگەی کوردا فیدای گیان بوون
گشت دەس بە تفەنگ ڕۆژی مەیدان بوون
یا دەستە بەستی ناوی زیندان بوون
یا بە سەر شاخۆ بێ ئاو و نان بوون
کێ بوو دەربەنی گشت سوور کرد بە خوێن
هەر لە چەمچەماڵ هەتا بەر دەربەن
دای پۆشا بە لەش وەک دار و دەوەن
خوێنمژی کوردی تیا کرد بە پەن
تا زامار کرا شێری شێر ڕەسەن
کێ بوو لە ڕۆژی بەردەرکی سەرا
لە ئاو باریکا وا دەورە درا
لەناو دۆڵێکی بێ پەنا و دەرا
نۆ سەعات وەک یەک کەوت لە سەنگەرا
لە ئەرز و ئاسمان تیر باران کرا
چل ساڵ شێخ مەحموود خوێنی کرد بە ئاو
هەر لە بۆکانناوی تایبەتۆ هەتا بەسرەناوی تایبەت و فاوناوی تایبەت
ئیستە کوڕێکی پەرچەم دەق دراو
بە کڵاوێکی بە حەوت ڕەنگ نەخشاو
کوردە و شێخ مەحموود خوێنمژ بوو بە ناو
خۆ شێخ مەحموودیش خۆی تەنها نەبوو
بێ برا و بێ پشت بێ هاوپا نەبوو
بێ بەگ و بێ خان بێ ئاغا نەبوو
ساتێ دەرەبەگ لە ئەو جیا نەبوو
بۆیە تا ئەو بوو کورد ئاوا نەبوو
سێدارەم بدەن دەرکێشن گیانم
لە یەک جیایی کەن جمگە و ئێسقانم
ئەگەر چوار پەنجە بیوڕن زوانم
من ڕاستی ئەڵێم درۆ ناتوانم
ئەم چەن سەردارە بە کورد ئەزانم
ئەوەڵ شێخ مەحموود دارای سێسەد دێ
خاوەن قەیسەری و کۆشک وماڵ و جێ
هەمووی جێ هێڵا و چووە سای بەردێ
چل ساڵ وەکو یەک وێسیا لە سەر پێ
وەک شێر ئەینرکان ماف کوردم ئەوێ
ئێسماعیل خانیش بە ڕاستی کورد بوو
لە ڕێگەی کوردا وا مێشکی ورد بوو
دوکتۆر فوئادیش کوڕێ نەبەرد بوو
شێخ سەعیداللە تا بێژی مەرد بوو
شێخ قادر ڕەئیس ڕۆژی نەبەرد بوو
خۆ خالید بەگ و محمد غەزەنفەر
کە لە ڕێی کوردا دۆڕانیان سەر
یا یوسف تیا سەرکردەی لەشکر
پۆلی نەمردوی شاخی دیاربەکر
ناویان گوم نابێ تا ڕۆژی مەحشەر
مەڵێن وتاری دوور و درێژە
زۆر لە سەری ئەڕوات، بە وتووێژە
چی ئەبینم کورد گوڵۆڵەی لێژە
دڵ بە وێنەی زام نەشتەر خوێنرێژە
سەرم وەک دەبەنگ بێ هۆش و گێژە