شین و واوەیلایە یاران تێتە گوێم دەنگی گرین

شیوەن بۆ شێخ قادری حوسەینی سۆڵە
لە کتێبی:
دیوانی مینە جاف
بەرهەمی:
مینە جاف (1911-1965)
 1 خولەک  945 بینین
شین و واوەیلایە یاران تێتە گوێم دەنگی گرین
حەشرە وا سەیوانی غەم پۆشیویە ڕووی گەردوونی شین
پێم بڵێن ئێوە و خوا، ئەسپابی ئا ئەم فیتنەیە
بۆ چی ئەشراف، تاکو ئەسناف، ئەشقیا، تا ئەهلی دین
یا قوڕی پێواوە یا ڕەشپوشە یا خۆ شین ئەکا
یا وەکوو دانیشتووە، مەبهووتە، مات و دڵ خەمین
ئەسمان ڕووخاوە، خۆر گیراوە، دونیا ئاخرە
کۆچی شێخ قادر چووە بۆ باخچەیی خولدی بەرین
بێنەوە بگرین بە کوڵ، شیوەن بکەین گشت کورد زوان
بۆ قەڵای پشت و پەنای عیسیانی کوردی بێ موعین
دەک فەڵەک داوا ئەکەم هەر لێڵەییی بێ بەختەکەت
بۆچ کەژی سەرشاخی سۆڵەت خستە ژێر قەعری زەمین
چۆن ئەبێ دڵ خۆش بکەین ئێستە بە خۆشیی نەو بەهار
مادەمێکی چەرخی چەپگەرد ئەم بەهارە، شاگوڵی باغی بڕین
نەو نەمامێ بوو لە گوڵزاری ئومێدی سەربەسی
بۆ تەرەقیی کورد ببێتە نەردەوان و سەرکەوین
سەیری کە دەستی قەزا چۆن دایە بەر تیغی ئەجەل
چۆنی کاول کرد بە جارێ قەسری هیوامان بە قین