شەبیهی زلف و خاڵ و ڕوومەتە سەفحەی مجەوهەر خەت
لە کتێبی:
دیوانی حەمدی
بەرهەمی:
حەمدی (1876-1936)
1 خولەک
1342 بینین
شەبیهی زلف و خاڵ و ڕوومەتە سەفحەی مجەوهەر خەت
نەزیری سەروی قامەتییە بە ڕەعنایی موشەججەر خەت
لە ئەووەڵ دەرسما شکلی برۆ و باڵایی یارم دی
لە مەشقی عەشقییا نووسیم وەک ئەلف و بێ بە عەنبەر خەت
مەحاڵە ئەو دڵەی داخل بە حەڵقەی زلفی بوو بەربێ
بە سیحرێکی وەها دەیدا لە دەورەی میسلی چەنبەر خەت
شەوی فیرقەت دڵم ئاگر کە دەگرێ وەک شەمەندووفەر
ئەوی ئیشی بە کۆیی یارە بێ ئەو وەختە بۆ سەر خەت
برۆ فەرمووی بڕۆ تۆ عاشقی خۆمی مەترسە قەت
ئەگەر پەرچەم بە دەورەتدا بکێشێ میسلی ئەژدەر خەت
شکی تێدا نییە زلفی کە شەرحی نووری ڕوومەت کا
دەبێ شەرحی مونەووەر بێ دەبێ بشبێ مونەووەر خەت
لەبەر نووسینی وەسفی حوسنی ڕوخساری نیگارم بوو
کە سانیع زەحمەتی کێشا هەتا هێنایە دەفتەر خەت
لەسەر لەوحەی جەمالا دەرسی عەشقە جووتە ئەبرۆتی
کە خەتتاتی ئەزەل نووسی بە میشکین خامەیی سەر خەت
زمانی خامە مووی لێدێ لە باسی زلفی جانانا
بە دەس حەمدیناسناوی ئەدەبی نییە چ بکەم کە نانووسێ قەڵەم گەر خەت