بە بینینی شرووتی عەشقی من پەروانە بوو مەحجووب
لە کتێبی:
دیوانی حەمدی
بەرهەمی:
حەمدی (1876-1936)
1 خولەک
952 بینین
بە بینینی شرووتی عەشقی من پەروانە بوو مەحجووب
کە زانی ئەم حیساباتە بە سووتن ناکرێ مەحسووب
کەمەندکێشی زلف خەڵوەی لە گوڵزاری جەمالایە
بەڵێ جەننەت مەکانە لەم دەرە هەر کەس کە بوو مەجزووب
لەگەڵ ئەم شەوکەت و شانە خودا عاشق بەشۆخی بێ
خودا هەر خۆی مەگەر زانیویە چەندە دلبەرە و مەحبووب
شوکر وا گەردی داوێنم دەکەومە عالەمی باڵاش
دەبا پێنج و دوو ڕۆژێ سا لە دنیادا ببین مەنسووب
کە یار ئاوێکی ڕەحمەت بێ دڵیشم ئاگری قودرەت
دە ئەم سەودایە کەی دەکرێ کە وا بن تاڵیب و مەتڵووب
وتم ڕاستە قسەی خەڵکی و قەدیمی پیسی پیس دەیبا
کە لەرزی بۆ جەنابی شێخ بڕی یەک کاغەزی مەندووب
هەوێنی شیری سافی شیعری حەمدیناسناوی ئەدەبی باسی شێخانە
ئەترسم بیبزڕکێنن کە نابن قەت بەبێ ئاشووب