تەهی دەستە سەخی ئەخز و عەتا هەروەک قەمەر بەشیە

لە کتێبی:
دیوانی حەمدی
بەرهەمی:
حەمدی (1876-1936)
 2 خولەک  566 بینین
تەهی دەستە سەخی ئەخز و عەتا هەروەک قەمەر بەشیە
خەسارە ڕەنجی مومسیک نانە سک وەک ڕەنجبەر بەشیە
لە بەزمی عالەما ساقی کە چەرخی سوفلە پەروەر بێ
لەباتی مەی ئیتر ئەهلی هونەر خوێنی جگەر بەشیە
لەبەر سۆزی فیراقت شەو بە دڵ نابێ بکەم یادت
بە جێیوادا شەوی وا هەر کەسێ بڕوا شەرەر بەشیە
بە یەک جلیوە بە پێ چوونی کە دیم سووتاندمی فەرمووی
سەفەر بۆ کۆیی من هەرکەس بەسەر نەیکا سەقەر بەشیە
بە لێوی وشکەوە گریانی عوششاقی کە بیست فەرمووی
بڵێ تینووی بیابانی موحیببەت چاوی تەڕ بەشیە
وتم عەکسی سەراپاتی نەگرت ئاوێنەیی چاوم
وتی عەکسی بتان مەردوم هەتا قوببەی کەمەر بەشیە
دەخیل ئەی پیری مەی نەشکا خوماری من بە ڕەتڵ و خوم
وتی مەستی نیگەهـ دایم خومار و دەردی سەر بەشیە
ئەوی دوژمنمە یاری یار و ساحێب سووئی زەننم بێ
مەلەک بێ هەر وەکوو جانی هەموو لەحزە خەتەر بەشیە
لە خوێنی بێ نەوایان پڕ بووە کاسەی کەلی دنیا
بەشی هەر دۆ ڕژانە پیرەژن یەئس و کەدەر بەشیە
ئەوی بەدخوو بە خۆیکا تا قیامەت دوژمنی نایکا
کە سەیل خۆراکی چڵکاوە هەمیشە دەربەدەر بەشیە
درەختی سەرکەش و بێ بەر لە باغی عالەما حەمدیناسناوی ئەدەبی
وەکوو عەرعەر سەروبەر هەر بڕینی موختەسەر بەشیە