وەرن یاران قسەی مەردانە ببیەن

لە کتێبی:
دیوانی حەمدی
بەرهەمی:
حەمدی (1876-1936)
 1 خولەک  433 بینین
وەرن یاران قسەی مەردانە ببیەن
لە نامەردی نییە خۆ مەردی کەمتەر
بە مشت بەحری سفیدم پێ وشک کەن
لە هاوینا نەکەم لێوی کە لێی تەڕ
بە کۆڵ ئەرزم کە پێ بەرنە قیامەت
بوەستم پێوە تا هەنگامی مەحشەر
بهاڕێ ئاشی گەردوون جوملە ئەرزاق
کە بەرداشی ئەو ئاشەم بێ لەسەر سەر
بە نینۆک شیشەیی پۆڵا کە ببڕم
هەمووی بۆ جەرگی خۆشم کەن بە خەنجەر
لە ئاوا بم بە زستان نەوعی ماسی
لە ئاگردا بە هاوین وەک سەمەندەر
لەوەم پێ چاترە سەر دانەوێنم
لە لای پیاوی ڕەزیڵ و بێ وەفا و کەر