یادی یاری دوور وڵات

لە کتێبی:
وەنەوشە
بەرهەمی:
محەمەدسەدیق مەحموودی (1937-1990)
 2 خولەک  797 بینین
دیسان تاریکیی شەوەزەنگ
بە بێ خشپە، بێ هەست، بێ دەنگ
بەتوێی سیپاڵی خامۆشی
گیاندار و بێ گیانی پۆشی
لە چیا سۆزەی لاوکی کوڕان
لەگەڵ بالۆرەی کیژ، بڕان
خزانە دۆڵ شوان لەگەڵ ڕان
پەلەوەر وەستان لە گەڕان
مەلی ئاسمان لە فڕین کەوت
هاوار هەر دڵی من نەسرەوت!!
شەو مات، بێ دەنگ، تەنیا کوندێک
ئارام... لە سەر بەرزیی دوندێک،
دەردی دڵی هەڵدەڕێژێ
هەیکەلی ماتەم ئەنێژێ
منیش منی خەیاڵاوی
بە دڵپڕی بە شێواوی
دڵۆپ دڵۆپ فرمێسکی سوور
وەکوو موورووی سووری بەرموور
فرمێسکێکی گەرم و خاوێن
بە خوڕ ئەڕێژمە سەر داوێن
جارجار لەگەڵ خۆما ئەدوێم
پرسیار ئەکەم، وەڵام ئەڵێم:
ئەرێ توخوا ئەی ماڵ وێران
هاوڕازی کۆمای ئەستێران
بۆ ناسرەوی، دانامرکێی؟
وێڵی کوێی و ئاوارەی کێی؟
چۆن نەچمە ناو گێژاوی شین؟
چۆن نەڕێژم دەریای ئەسرین؟
گەردی بیری دڵی ماتم
نیشت لە یاری دوور وڵاتم
ئەوەی دەمکوت مێشکم، هەستم
لە پێناوی ئەو ئەبەستم
ئەو یارەی وا خۆشیم، مەستیم
شادیم، لە شیعرا تەڕدەستیم
لەو بوو هەر ئەو بۆ گوێی گیان
ئەیخوێند نەغمەی خۆشی ژیان