دمەتەقەی وەرزێر و ئاسنگەر

لە کتێبی:
وەنەوشە
بەرهەمی:
محەمەدسەدیق مەحموودی (1937-1990)
 2 خولەک  1074 بینین
وەرزێر:
زەحمەت کێشێکی وەرزێرم
گەرچی ئازا و بەکار فێرم...
کە چی هەروا هەژار ماوم
بەدبەخت و لێوبەبار ماوم
ڕەش و ڕووتێکی بێ بەرگم
بێ ڕەنگ و ڕووم، تاپۆی مەرگم
تەماشا چەن چارەڕەشم:
چارەڕەشی بۆتە بەشم!!
خۆم و ژن و کچ و کوڕم
کوڕی خاوەن هێز و گوڕم
دیلی دەستی چەوسانەوەین
زۆرماندووی بێ حەسانەوەین
هەرچۆڵ بڕین چەشنی کێوی
ئەو مردنە ژینە نێوی؟
هاوین گەرما دەمبرژێنێ
لەگیانم ئارەق دەڕژێنێ
قرچەقرچی لای نیوەڕۆ
زامی جەرگم دێنێتە سۆ
کاتی بەهار، دەمگریێنێ
هەورێک فرمێسکی نەڕژێنێ
بە ئاهەنگی خرمەی تەرزە
بەندی دڵم دێتە لەرزە
نەکا بکوتێ دەغڵ و دانم
فڕبێ دیسان هەوڵ دانم
جارێک غەمی کوێرووی ڕووڕەش
لێم دەبێتە مۆتەی سەر لەش
لەلایەکی غەمی پەڵە
لایەکی دیش زەبری کەڵە
هەر کام جۆرێ دەمتەزێنن
گۆی فرمێسکم دەلەرزێنن
پاش ئەو هەموو چەرمەسەرێم
دوای ئەو کۆسپانەی دێتە ڕێم
گەر وە گیر خەم کەمێ بەرهەم
حەرامە لێم زۆری تا کەم
هەر کەس چەشنێ تێدەکۆشێ
تا ڕووتم کات و بمدۆشێ
لەوانەی بۆ ڕووت کردنم
بۆ تاڵان و ماڵ بردنم
لێم چوونە نێو پەنای سەنگەر
یەکیان ئەتۆی، تۆ ئاسنگەر
ساڵێ تەنیا بۆ یەک گاسن
گاسن چیە؟ نەختێ ئاسن
دەبەی زۆری دەسهاتی من
بڵێی نەیە قەت هاتی من
هەتا تۆڵەی خۆم بستێنم
کلکی زۆردار بقرتێنم
ئاسنگەر:
گوێ بگرە لێم برای وەرزێر
بە دوو زگ برسی و بە زگێ تێر
ئەوەی منی سەربەهەش کرد
یان تۆی لە ژیان بێ بەش کرد
نە منم نە تۆ، نەتۆی نە من
ئەدی کێیە؟ تەنیا دوژمن
دوژمنی تۆ و منی هەژار
دوژمنی گەلمان: ئیستیعمار
چارەی ئەو دەردە گەورە لام
هەر ئەوەیە برای فەلام
دەست لە دەست و تاقەت لەخوا
بگرین ئەوەی حەقمان ئەخوا
گورجوگۆڵ و بێ دەنگ و باس
من بە کوتک و ئەتۆش بە داس
سەری لە لەش جوێ کەینەوە
مێژووی ژیان نوێ کەینەوە
ئەو کاتە گەل ڕزگار ئەبێ
جێژنی گەلی هەژار ئەبێ