بزەی بەهار

لە کتێبی:
وەنەوشە
بەرهەمی:
محەمەدسەدیق مەحموودی (1937-1990)
 2 خولەک  1281 بینین
نیشتمانم، ئەی کوردستان...
بارگە و بنەی لێنا زستان!!
بەهاری جوانت هاتەوە
بۆ کوردەکان، بەهاتەوە
لە داوێنی چیا و هەردان...
لە سەر نوچکەی شاخ و بەردان...
لە گوێ خڕان و لاشیوان...
ڕەمزی ژیان بووە میوان
***
ڕۆژی سەد جار دەفڕێ خەیاڵ
بەرەو هەوری گەواڵ گەواڵ
نیگای، دەگرێتە نێو باوەش
لەوێوە، کوردستانی گەش
لە دەم بەستێنی ڕووباران
کوڕان دەکرێن گوڵاوباران
پۆڵ پۆل کچان کۆمەڵ دەکەن
ئاور لە دڵاندا هەڵدەکەن
***
هەوریی هەور لە شان دەکەن
تۆفانی نوور پەخشان دەکەن
شایی دەگرن گەڕی شایی
قوربانی بێ تەختی شایی
***
لەسەر نوواڵان ئەم کاتە
سەرنج دیلی گوڵ و کاتە
بۆنی هەڵاڵەیە و بەیبوون
هەتوانی ناسۆری دەروون
چیمەن کە دیتنی سەر زەوی...
سەری بەهەشت دەکا نەوی...
قاقا کوڵی گرت، لەوە ڕا
کەوت و ڕەش و شین هەڵگەڕا
***
گزینگی ڕاپەڕیو لە خەو
ئەسڕێتەوە فرمێسکی شەو
وەکوو پەیامی ڕزگاری
بەخشینەوەی ژینە کاری
***
بۆ بزەی تۆ مانگی گوڵان
کڕنۆش دەکەن گوڵی چڵان
خۆش وەک کاتی گۆوەندانی
دەڵێی مانگی ڕێبەندانی