عاقیبەت تەئسیر ئەکا هاوار و ئۆف و ناخی کورد
لە کتێبی:
دیوانی کەمالی
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
1 خولەک
520 بینین
عاقیبەت تەئسیر ئەکا هاوار و ئۆف و ناخی کورد
مەرهەم ئەکرێ زامی جەرگی پڕ برین و داخی کورد
بێشەیی شێری ژیانە و یانەیی بەبر و پڵنگ
چۆن ئەژی دوژمن لەسەر ئاسۆی بڵندی شاخی کورد
خوێنی گوڵڕەنگی شەهیدانە لە خاک هاتۆتە دەر
زەحمەتە بێگانە بۆنی کات گوڵاڵەی باخی کورد
دەستی قودرەت لووتی بەرزی وا گەیاندۆتە فەلەک
پێکی پۆڵا نانەوێنێ تا ئەبەد برناخی کورد
زۆر ئەترسم بەعزە بێ ئەقڵێ بڵێن پێم کافرە
گەر بڵێم من عەینی باخی جەننەتە ئێڵاخی کورد
ڕۆستەمی مازندەران شێری ژیان بەبری بەیان
ناگرن بەرگەی هوجوومی عەسکەری قازاخی کورد!
کێ ئەڵێت کورد مردووە کورد نامرێ هەر زیندووە
مەرهەم ئەکرێ زامی جەرگی پڕ برین و داخی کورد