باکم نییە ئەم چەرخە بڕوخێ کە بەسەرما

لە کتێبی:
دیوانی کەمالی
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
 1 خولەک  1434 بینین
باکم نییە ئەم چەرخە بڕوخێ کە بەسەرما
دنیا هەموو بێ بایەخ وقەدرە لە نەزەرما
هیوای نییە هەرگیز نە بە دنیا و نە بە عوقبا
کەی عاشقی شەیدا بە تەمای سوود و زەرەر ما؟
تۆ ڕۆحمی بۆیە کە ئەڕۆی دەسبەجێ ئەمرم
گەر بێیتەوە ڕۆح دێتەوە دووبارە بە بەرما
دائیم لە سەری ڕێگەکەتا کەوتووم ئێستا
بەم هۆیە کە ڕەحمەت بێ بنێی پێیە بە سەرما
جەرگ و دڵی خۆم کردووە بە شاباشی بەری پێت
بۆ وەی کە فیدای تۆ ببێ هەر نووری بەسەر ما
تۆی مایەی ئیلهامی قەسیدە و غەزەلی من
بێ تۆ نە قەسیدە نە غەزەل ما نە هونەر ما