فەلەک ڕاست بڕۆ فەلەک ڕاست بڕۆ
لە کتێبی:
دیوانی کەمالی
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
1 خولەک
3450 بینین
فەلەک ڕاست بڕۆ فەلەک ڕاست بڕۆ
تۆ بی و خودا فەلەک ڕاست بڕۆ
پێم بڵێ بەڵام بێ فێڵ و درۆ
مانگی من جوانە یا خۆ مانگی تۆ!
مانگی من خاوەن بەژن و باڵایە
باڵای بە وێنەی سەروی ساوایە
چاوی هەروەکوو کارئاسکی خەتا
هۆش و ئارامی عاشقان ئەبا
مانگی تۆ لە کوێ بە قسەی شیرین
بە عیشوە و لەنجە و لار و پێکەنین
خۆشی ئەبەخشێ بە عاشقی زویر
جوان ئەکاتەوە دڵی پیاوی پیر؟
لای خۆت مانگی تۆ بە جوانی تاقە...
خۆ چەند شەو هیلال چەند شەو مەحاقە
مانگی من کە وا لە زەمیندایە
دائیم لە تافی چواردەمیندایە
مەحاقی نییە و بە هیلال نابێ
فەلەک تۆ شێتیت مانگ ئەبێ وا بێ
مانگ مانگی منە قەت ئاوا نابێ