دەنکە شەونمێ بە وێنەی دوڕ جوان

لە کتێبی:
دیوانی کەمالی
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
 1 خولەک  863 بینین
دەنکە شەونمێ بە وێنەی دوڕ، جوان
دێتە سەر گوڵی بۆن خۆشی بەیان
سونبول پەخش ئەبێ دائیم بە سەریا
وەنەوشە سوجدە ئەبا لە بەریا
بەم جاهـ و قەدرە دڵی خۆش ئەبێ
بە بۆنی خۆشی گوڵ سەر خۆش ئەبێ
هەڵئەسێ ئەچێ بۆ ئەوجی فەلەک
ئەیەوێ ببێ هاودەمی مەلەک
چونکە زەعیفە و بێ تاقەت و تاو
مەحو ئەبێتەوە بە نووری ئافتاو
ڕاستە ئاکامی مەغرووری وایە
قەت مەغروور نابێ ئەوەی زانایە