نیاز
لە کتێبی:
بەهەشت و یادگار
بەرهەمی:
گۆران (1904-1962)
3 خولەک
3389 بینین
سەردەمێک بوو دنیای گیانم تاریک و چۆڵ بوو،
کام «بەڕۆچکە»ی گەرمە دڵم، چەشنی سەهۆڵ بوو
قەریحەم وشک، تەبیعەتم زەرد و ژاکاو بوو
زەردەخەنەم ئاخی سەرلێو، فرمێسکی چاو بوو!
بە ئاسمانی هیوامەوە ئەستێرەکانم
بە هەزاران شائەستێرەی گەش گەشی جوانم
هەموو نوقمی دەریای تەمی ڕەش و تاریک بوون
وەک وەنەوشەی چنراو لەگەڵ سیس بوون خەریک بوون
سەردەمێک بوو بێ نەغمە بوو باغچەی ژیانم
بێ ورتە بوو ناو هێلانەی بولبولەکانم
لەرەی دەنگی شادمانی و نەشئەم خنکابوو
شەپۆلی بای بەهرە و جۆشم مەنگ ڕاوەستابوو
تەلی عوود و کەمانم پس، کونی شمشاڵم
بەسرابوو وەک: گرێی دڵ و زمانی لاڵم!
سەردەمێک بوو نە تریفەی مانگی هاوینم،
نە گزنگی هەتاوی سەر لووتکەی بەفرینم
نە لەرزینی چینی سەر ڕووی گۆماوی شینم
نە بریقەی دووری چەمی پاش زۆر بارینم
نە ورشەی گیای مێرگی سەوزی دەمەو بەهارم
نە شنەی بای دارستانی چڕی نزارم
چەشنی جاران دای ئەخورپان ناخی دەروونم
ئەیهێنایە سەر هەڵقوڵین سەرچاوەی ڕوونم!
سەردەمێک بوو، سەردەمێکی دوورودرێژ بوو
نوێنی ئارام بۆ من لەسەر چەرپایەی لێژ بوو
نە خەوم خەو، نە خەیاڵم وەک خەیاڵ وا بوو
هەستیم وێنەی ئوقیانووسی ژێر ڕەشەبا بوو
لەشم بێ هێز، گیانم بێزار، دڵم غەمگین بوو
هیوام تاریک، مەیتی عەشقم تابووتی ژین بوو!
ناهومێد بووم، وام ئەزانی دەردێکە کاری
بەرەو پیری چوون هێناویە دیاریی ئێجگاری!
ئیتر ئەبێ کونجێ بگرم، دۆش دابمێنم
لەسەر مەرگی عومری جوانیم یاسین بخوێنم!
چاوەنواڕ بم ساکەی گەردوون، گەردوونی بێ باک
جانەوەری گۆڕ هان ئەدا بمکاتە خۆراک؟
بەڵام ئەی یار، یاری نازدار، شۆڕەژنی شۆخ!
بە لێوی ئاڵ، بە چاوی ڕەش، چاوی ڕەشی تۆخ
بە باڵای بەرز، بە ئەندامی نەرم و شل و جوان
ڕەوتی شیرین، عیشوە و نازی گفتوگۆ و جووڵان
بەم جوانیانە کە زینەتی بەهەشتی دنیان
بەم جوانیانە کە لە تۆدا هەموویان پەیدان
لەو ڕۆژەوە دیومە سیحری زەردەخەنەی تۆ
دنیای دەروون مەلەکانی هاتوونەوە گۆ
سەرچاوەکەی عومری جوانیم هاتۆتەوە قوڵ
باغچەی ژینم پڕ بۆتەوە لە نەمامی گوڵ!...
ئێستا ئەگەر بێت هیچ نەبێ لوتفی تۆ جارجار،
بملاوێنێ ئەی ژنی شۆخ، ئافرەتی نازدار
قەسەم بە تۆ! قەسەم بە ناز! قەسەم بە جوانی!
هەموو هەستیم ئەچێتەوە دۆخی جارانی
قوڵپی گەشی خوێنی جوانی دێتەوە لەشم
دیسان شەبەق ئەدا ئاسۆی ئاسمانی ڕەشم
ئیتر ڕابوورد من پیر ببم، یان دڵم بمرێ
یا بلووری شادمانیم هەرگیز گەرد بگرێ
ئەمجا ئەی یار، ئەی خواژنی عەشقم، ئەی ڤێنووس!
ئەی هەیکەلی بەدەن لە عاج، توالێت ئابنووس!
هیچ نەبێ تۆ، بۆ خاتری جاهی ئەپۆلۆ
مەلی شیعرم مەیدان مەدە بکەوێ لە گۆ!