ئەی بادی شەماڵ

لە کتێبی:
دیوانی دڵدار
بەرهەمی:
دڵدار (1918-1948)
 2 خولەک  1400 بینین
ئەی بادی شەماڵ، ئەی بادی شەماڵ
پۆستەی هەوایی دڵەی پر زووخاڵ
دەستم دامێنت، ئەچی بۆ کوێندەر؟
ناچی بۆ کۆیی مەئوایی دولبەر؟
وەک عارەب دەخیل گەر چووی بۆ ئەولا
مەوەستە تاکوو بەردەمی لەیلا
مەوەستە تاکوو لای شۆخێ کەوا
تیری نیو نیگای، لە دڵدا ڕووا
لەم چەم و بێشە و هەردە و کێوانە
پێی بڵێ، قوربان لەم ڕێگە و بانە
شێتێکی ڕیسوا و ڕووت و قووتم دی
فرمێسکی ئاڵی وەک یاقووتم دی
ڕوو لە خۆین خاڵی زەعفەرانم دی
چاوی لێڵ و وێڵ پڕ گریانم دی
هەیکەلی مردووی بەس ئیسقانم دی
قەدی چەماوەی وەک کەوانم دی
دیتم کە جارجار ئەو لێوبەبارە
دەست هەڵئەبڕێت و تۆی لێ دیارە
چونکە خەیاڵی بەژن و باڵاکەت
تیشکی ڕووناکی شەوقی لالاکەت
نێرگزی شەهلای چاوی خومارت
خەرمانەی زوڵفی ماهی ڕوخسارت
فریشتەئاسا ساتێ هەزارجار
خۆی نیشان ئەدا خۆی ئەدا حەشار
ئیتر هەر جارە، ئەو ماڵ وێرانە
ئەو کەژ مەسکەنە، هەرەی شارانە
هەروا تێ ئەگا جەژنی ویساڵە
نازانی «تۆ» نیت، وێنەی خەیاڵە
دەست درێژ ئەکا بە ناکامەوە
بە جەرگی سووتاو دڵ بە زامەوە
کە لێی ون ئەبێ بانگ ئەکا: هەی یار!
بە کوڵ ئەگریێ: هاوار هەی هاوار!