منداڵی هیوا کوولەکەی دڵان
منداڵی هیوا
لە کتێبی:
دیوانی دڵدار
بەرهەمی:
دڵدار (1918-1948)
2 خولەک
1157 بینین
منداڵی هیوا، کوولەکەی دڵان
تازە غونچەکەی نێو باغی گوڵان
هەرچەندە سەیری نێو چاوت دەکەم
نابینم گەردێ نە زۆر و نە کەم
ڕوونیی چیهرەی تۆ وەک ئاسمانی ساو
وەختی لێی دابێ پڕشنگی هەتاو
تیشکی ئومێدی سەر دڵی تاری
لە ئاسمانی ڕووت ئەدا دیاری
سیوەیلی چاوی بریقەدارت
ڕووناکی پاکی وێنەی ڕوخسارت
خەندەی بێ فێڵی لێوە ئاڵەکەت
نەشئەی دوو چاوی مەست و کاڵەکەت
بێ شک پێشەنگی موژدەی دڵشادین
یا نەغمەخوانی باخی ئازادین
ئومێدی دواڕۆژ، ڕۆڵەی هیوا، تۆی
خاوەنی فیکری بیکر و باڵا تۆی
هیوام بە تۆیە ئەی تازە مناڵ
بەیانی ببیە نموونەی میسال
ئەم قسانەی من کە وا بۆت ئەکەم
بزرینگێتەوە لە گوێتا هەر دەم
ڕاستگۆ بە دایم قەت درۆ نەکەی
وەختت بەبێ سوود تۆ لەدەس نەدەی
تێکۆشە دایم هەر وەکوو هەنگ بە
لە میدانی ژین ئامادەی جەنگ بە
ئەوا پێت ئەڵێم چاکی بزانە
ژیانی مەردی باری گرانە
نەک وا بزانی وەک ژینی دوێنێ
دەخۆی و دەنووی لەناو نوێنێ
ئەوە ژین نییە کە وەک ژن بژیت
ئەبێ هەم ئاواز و هەم مەزن بژیت
ڕۆژی کە هات و تۆ پێگەیشتی
چاوت کردەوە لە ژین گەیشتی
ئەبینی ژیان کێوێکی بەرزە
ڕێگەی خوار و خێچ بە ترس و لەرزە
گشت کەند و کۆسپ، دەوەنە، دارە
پڕ لە دڕندە و دووپشک و مارە
سەر ڕێگەت هەمووی دانەیە و داوە
نادان و دانا لەوا داماوە
گیانەکەم ئەبێ تۆ لەم ڕێگایە
لەم دانە و داوە و چەرخ و دەزگایە
گەلێ ماندوو بی، ئارەق بڕێژی
ئەم دەرد و ئێشە یەک یەک بچێژی
لەڕێی سەرکەوتن ئەبێ پێش کەوی
هەتا بکەوی، زیاتر سەر کەوی
نیشانی تیرەی خۆت بدەی ڕێگا
کە ڕیز ببەستن، بڕۆن بە شوێنیا
تۆ ئەبێ چرای زانستی هەڵکەی
دەستم داوێنت، ڕێگا ون نەکەی!
بیر و هۆشی خۆت بە کار بهێنە
ئەم دانە و داوە یەک یەک بپسێنە
تاکوو دەرکەوێ لە هەموو دنیا
چەندیان کرد بمرێ، کە چی کورد هەر ما