من ڕوڵەی کوردستانم

ڕۆڵەی تازە (لەسەر وەزنی «سویت هوم» ئەوترێ)
لە کتێبی:
دیوانی دڵدار
بەرهەمی:
دڵدار (1918-1948)
 1 خولەک  1775 بینین
من ڕوڵەی کوردستانم
تازە ڕوڵەی کوردانم
تاکوو وڵات سەرکەوێ
فیدایە ڕوح و گیانم
***
پێویستیم بە زانینە
زانین بناغەی ژینە
گەر گەلێ بێ زانین بێ
گەر زیندووش بن مردینە
***
ئێمە بەیانی گەنجین
لەم خاکەدا لە ڕەنجین
ڕەنجدان نیشانەی گەنجە
ئێمەش خولقاوی ڕەنجین
***
وەتەن باغی جینانە
موحتاجی بازوو و شانە
هەر کەسێ کۆششکەر بێ
لەم باغە باغەوانە
***
وەتەن موحتاجی تۆیە
ڕێگاکەت جوستوجۆیە
میللەتێ سست بژیتن
لە مەیدان وەکوو گۆیە