پێنج خشتەکی لەسەر غەزەلێکی شێخ نووری

لە کتێبی:
ڕازی تەنیایی
بەرهەمی:
ئەحمەد هەردی (1922-2006)
 2 خولەک  5269 بینین
قەت نەدەی ئازاری گیانی مەست و بێدارانی شەو
خۆت نەخەیتە بەر شەپۆلی ئەشکی بێ پایانی شەو
ئەی کچی خواوەندی جوانی و ئەی چرای دیوانی شەو
«خۆت بپارێزە لە ئاهی دڵ بریندارانی شەو
نەک خوا ناکەردە گیرا بێ دۆعای ناڵانی شەو»
وێڵم و تاریکە دەورم، فەرشی رێگەم مەینەتە
بێکەسم، تەنیا ئەناڵم، مەرگی خۆمم عەزرەتە
سازی ئاهەنگی شەوانم، سۆزی جەرگی لەت لەتە
«یاوەر و یاری ئەنیسم ئاهـ و ئەشکی حەسرەتە
ئافەرین ئەی بارەکەڵڵا، دیدەیی گریانی شەو»
وا نەزانی دەستی خەم یادت لە دڵدا دەر ئەکا
ئەشکی خوێنینم دەلیلە بۆ کەسێ باوەڕ نەکا
گیانەکەم بەو تیشکی چاوەی شەڕ لەگەڵ ئەختەر ئەکا
«دڵ ئەبێتە قەترەیێ خوێن و لە دیدەم سەر ئەکا
هەر کە ڕابوورێ بە دڵما سوحبەتی جارانی شەو»
هاودەمێ فەرمووی: لەبەرچی کردەوەت گریانە هەر
تافی لاوێتیتە، لاوی، قەڵبەزەی سەیرانە هەر
من وتم سەیران و خۆشی پێشکەشی شادانە هەر
ئەشکی حەسرەت لازمی جەمعی سیابەختانە هەر
شەونمی سوبحە دەلیلی قەترەیەک گریانی شەو
هەوڵی زۆرم دا، لە داوی زوڵفی ئەو بێ مروەتە
دەرچم و دوایی بهێنم بەم عەزاب و مەینەتە
پێی وتم بێ سوودە هەوڵت، تاکوو ماوی جێگەتە
«نووری لەم پێچ و خەمی زوڵفە نەجاتت زەحمەتە
لای سەخی تەبعان مەحاڵە ڕوخسەتی میوانی شەو»