شۆڕشی نائومێدی
لە کتێبی:
ڕازی تەنیایی
بەرهەمی:
ئەحمەد هەردی (1922-2006)
2 خولەک
3832 بینین
بناغە و چینی دیواری
تەلاری بەرزی دڵداری
بە سەر لانەی دڵا ڕووخا، تەپوتۆزی خەمی هێنا
بەدووی باڵداری ئاواتی، فڕیوی بێ سەر و شوێنا
دەسا ئەی پاییزی ماتەم، ئەوەندەم تاسە پێ ماوە
هەموو ئەو یادگارەی لەو ژیانی عەشقە جێ ماوە
بەجارێ وەک گەڵا سروەی خەزانت گشتی ڕاماڵێ
بەوردی هەر گەڵایێکی، ببا بۆ قوژبن و چاڵێ
***
دەبا باڕەش لە دواییدا
لە بیابانی.. لماویدا
تەپوتۆزێکی وا بێنێ، هەوا یەکجاری بخرۆشێ
سەری ئەو قوژبن و چاڵە، وەکوو گۆڕیچکە داپۆشێ
لەپاشانا بە بای وەشتا، لەسەردا هەوری ڕەش بێنێ
بە گۆڕی یادگارا، با بەخوڕ تاوێ ببارێنێ
دە با بمرێ بەیەکجاری لە گۆڕی تەنگ و تەنیادا
نیشانە و ناوی هەڵگیرێ لەناو بازاڕی دنیادا
***
بەڵێ با گەردەلوولێ بێ
ئەوی بۆنێکی تۆی لێ بێ
وەکوو ئەو پووشە ڕاپێچی بکا بۆ گۆڕی تەنیایی
بە گوێیا با بچرپێنێ نقامی عومری کۆتایی
پەپوو هاوڕازی وێرانە و نیشانەی مەرگی ڕووناکی
بە دەنگی شوومی با شیوەن بکا بۆ گیانی ناپاکی
لەسەر ئەو دەنگ و ئاوازە، دە با شەیتانی ڕاڕایی
سەمای پڕ تەوسی بێ شەرمی بکا بۆ عەشقی کۆتایی
***
دەبا دەستی ستەمکاری
ژیانی پڕ لە زۆرداری
لە یادا بیسڕێ شێوەت لە یادی ژین و گەردوونا
بەبێ ڕەحمانە غەرقی کا، لە بەحری قووڵی ونبوونا
ونی کا با لە بەر چاوم، نیگای چاوانی فێڵاویت
گوڵی بێ بۆنی جوانیت و بزەی سەر لێوی ژەهراویت
بە تاپۆی یادگاری تێکشکاوی بێ سەر و پێوە
بە دڵداری عومری کورت و شەوانی جوانەمەرگێوە