دڵ کە غەیری شکەنی زوڵفی تۆ ئەفکاری نییە
لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
1 خولەک
917 بینین
دڵ کە غەیری شکەنی زوڵفی تۆ ئەفکاری نییە
تووشی سەودا بووە تا ڕۆژی ئەزەل چاری نییە
زاهید! ئەر دیدەیی تەڕ ئەشکی هەمەڕەنگی نەبێ
لێی گەڕێن مەنعی مەکەن میحنەتی دڵداری نییە
نیشی زەخمی موژەیی دڵبەری کەم دیوە مەگەر
هەر کەسێ تا بە سەحەر ناڵە و هاواری نییە
هەر کەسێ فەیزی قەدەمبۆسیی ئەتۆی بەرنەکەوێ
لە قیامی عەرەساتا ئەحەدێ یاری نییە
بۆیە پەردەی لە سەر و ڕوویی فڕێ داوە نیگار
تا بڵێین خۆی چەمەنە حاجەتی دیواری نییە
تا لە من دوورە هەوای کاکۆڵی موشکین، دڵەکەم
سەیری باغ و هەوەسی دیدەنی گوڵزاری نییە
زێوەرناسناوی ئەدەبی ی دەربەدەر ئەمڕۆ لە فیراقت نەفەسێ
غەیری غەم خواردن و گریانی حەزین کاری نییە