ئەو دڵبەرە نەوڕەستە کە ڕەنگێ بنوێنێ

لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
 1 خولەک  755 بینین
ئەو دڵبەرە نەوڕەستە کە ڕەنگێ بنوێنێ
ڕەنگە لە فەلەک جەمعی مەلائیک بنوێنێ
تیغی خەمی ئەبرۆی ئەگەر بێتە بزووتن
زنجیری ئەمەل، ڕشتەیی ئیمان ئەپسێنێ
هەر لەحزە بە شوعلە و ڕوخی گوڵئاتەشیی خۆی
لەم بۆتەیی سینە مسی قەڵبم ئەتوێنێ
بونیادی خەیاڵم کە ئەشوبها بە دەماوەند
هەر لەحزە بە تیرێکی موژەی دای ئەڕووخێنێ
وا سووڕەتی وا سیرەتی هەر عەینی کەماڵە
جارجارە بە شەرمێکەوە عاشق ئەدوێنێ
خەرمانی وجوودی بە خوا دوورە لە ئافات
هەر کەس لە دڵا توخمی وەفای ئەو بڕوێنێ
ئیعجازی مەسیحا لە لەبی پڕ شەکەرایە
سەد موردە ئەکا زیندە و زیندە ئەمرێنێ
ڕووحت کە بەهای عیشوە و نازی ئەوە زێوەرناسناوی ئەدەبی
لەو کافرە خۆت لادە کە دینت ئەفڕێنێ