پەرێشانم بە تاتای کاکۆڵی موشکینی سەر شانت
لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
1 خولەک
1078 بینین
پەرێشانم بە تاتای کاکۆڵی موشکینی سەر شانت
بریندارم بە تیری غەمزەیی دوو چاوی فەتتانت
هەناسەم ئاسمانی گرتە بەر، بێ توڕڕەیی لوولت
سوروشکم لەعلی ڕوممانە بەبێ چیهرەی درەخشانت
نەسیمی سوبحدەم جارێ لە عەتری زولفەکەی بێنە
دەوای هەر دەردە، تەقسیرێ مەکە، جانم بە قوربانت
ئەمن وەک زەڕڕەیی بێ جیلوە، تۆ خورشیدی عالەمگیر
چلۆن دەستم بگاتە خاکی پاکی چاکی دامانت
ئیرادەم وایە تەرکی عالەمی دنیا بکەم یەکجار
ئەگەر نەمخاتەوە داوی هەوای کاکۆڵی ئەفشانت
بە ئوممێدی سەحابی فەیزی تۆیە گوڵشەنی سینە
دەروونم لالەسان داغە بە شەوقی بەرقی هیجرانت
لە دەورەی لەعلی لێوت قافڵەی خەت باری خۆی لێ خست
بە غەیری زێوەرناسناوی ئەدەبی ی بێدڵ نەما توشنەی زەنەخدانت