شێتی ڕووتە بۆیە وا سەر ڕووتە دائیم ئافتاب
لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
1 خولەک
1465 بینین
شێتی ڕووتە، بۆیە وا سەر ڕووتە دائیم ئافتاب
شەرمەساری بووتە وا مەحجووب و پەنهانە گوڵاب
ماهی نەخشەب سیحربازێ بوو کە شەوقێکی هەبوو
تۆ بەبێ سیحر و دەغەڵ شەو تا سەحەر وەک ماهتاب
من لە کوورەی فیرقەتا ناکەم خەیاڵی غەیری تۆ
ئارەزووی باغی بەهەشتە دائیمەن ئەهلی عەزاب
ساقی بادەی ئەرغەوانی بێنە، وا خەمڵیوە گوڵ
شیشەیی تۆبەم شکاند تا دەس کەوێ شیشەی شەراب
گوڵ لەسەر تەختی چەمەن شاهێکە، بولبول موتریبە
باغەبان ئامان دەخیلم، دێم و تۆ نەمکەی جەواب
زاهیرەن زاهید خەریکی دەسبڕینی عالەمە
بۆیە وەک دز خۆی خزاندە گۆشەیی کونجی خەراب
نامەوێ ئابی حەیات و تەخت و جاهی خوسرەوی
گەر مویەسسەر بێ ویسالی دڵبەری شیرینخیتاب
بمدەرە بەر تیری تەعنە تۆش وەکوو عالەم، ڕەزام
گەر نەبێ میهرەت بە قەهرت شادمانم بێ حیساب
تۆ لە زێوەر قەت مەڕەنجێ خاکی دەرگات کا بەسەر
چونکە شێت هەرگیز نەبۆتە مەوریدی تەعنە و عیتاب