ئەی ئەستێرەی پرشنگدار
سکاڵای دڵ بۆ ئەستێرەیەکی هاوڕێم
لە کتێبی:
دیوانی بەختیار زێوەر
بەرهەمی:
فایق زێوەر (1908-1952)
2 خولەک
964 بینین
ئەی ئەستێرەی پرشنگدار
ڕێ نیشاندەری ڕێبوار
عالەم نووستوو تۆ بێدار
ئاسمان ئەبڕی بە شەوگار
***
دوای زەردەپەڕ تا گزنگ
چ جوانی چەشنی ئاورنگ
ڕشێنەی شەوق و پرشنگ
ئەدەی لەسەرم و سەر سنگ
***
ئەی گەوهەری ئاسمانی
سەرچاوەی نوور و جوانی
تێ ئەگەم بە پەنهانی
کە ئاواڵێکی گیانی
***
تۆ ئەڕۆی بە لەنجەولار
جریوەت دێ و بەختیار
ئەزانی منی هەژار
لەناو خەم ناگرم قەرار
***
ئەی هاوڕێکەی شەوگارم
من پەست و شەو بێدارم
گوێ بگرە لە هاوارم
تێ بگە لە ئازارم
***
ئەم عەربەی تۆ ئەیبینی
پڕ هەڵڵایە و خودبینی
هەیە بۆ خۆشی ژینی
تاڵان ئەکا هاودینی
***
هەر هەژارە قوڕبەسەر
بێ باربۆ بێ یارمەتدەر
کەچی پیاوی خاوەن زەڕ
بێ بەزەیی بێ خەبەر
***
نەماون ئەو پیاوانە
لە نەبوونی و تەنگانە
بۆ دۆست و بۆ بێگانە
خزمەت بکەن مەردانە
***
ڕاستی بەڵێن و پەیمان
درێغ چوونەوە ئاسمان
لای خزم و هاوڕێی ژیان
بێ باوە و ناو و نیشان
***
لای گەلێکی کەم ڕووربین
ئێستاش خۆشە نەزانین
چونکە باسی تێکۆشین
بکەم لێم ئەکەن نەفرین
***
نەک شەو ڕۆژیشمان تارە
زۆرمان بێ هۆش و کارە
ڕووناکیی زانین دیارە
ڕوو تێکردنی عارە
***
لە ژینی وا بێزارم
بۆیە وا گرفتارم
هێندە دڵ پڕ جەخارم
مائیلی کۆچ و بارم
***
ئەی هاوڕێکەم دڵ پەستم
هیچ لەم عەردە ناوەستم
بۆ ئەوەی لێرە هەستم
زووکە دەس بەرە دەستم
***
بمبە بۆ ئاسمانی شین
بمگێڕە تا ماومە ژین
بام دووربم لەسەر زەمین
بێمە شادی و پێکەنین
***
خۆ ئەگەر ئەوە نابێ
تۆ شاد با حاڵم وابێ
دوعای چاکت لای خوا بێ
بەڵکوو بۆ من گیرابێ