ئەی پەپوولەی هەژاری ڕەنگاوڕەنگ

لە کتێبی:
دیوانی بەختیار زێوەر
بەرهەمی:
فایق زێوەر (1908-1952)
 2 خولەک  742 بینین
ئەی پەپوولەی هەژاری ڕەنگاوڕەنگ
بفڕە بۆ خۆت بەسەر گوڵ و چەمەنا
لە شەقەی باڵ بدە بە سەد ئاهەنگ
لە دەرودەشت و ناو چیا و دەوەنا
***
چەندە جوانە کە ئەفڕی پێچاو پێچ
هەر هەناسەی لە شوێنێ میوانی
ڕێی فڕینت بڵند و خوار و خێچ
بێ وەی و شادمان و خەندانی
***
خۆزگە دوو باڵی چەشنی تۆم دەسەکەوت
پێی بچوومایە ناو چەمەن بەبەیان
گوڵ زیارەت بکەم بەڕیز شەش و حەوت
هەڵمژم بۆن و ماچ بکەم پەڕەیان
***
خۆزگە وەک تۆ بە تاقی تەنیایی
ڕامبواردایە دوور لە خەڵقی زەنجین
جێم چەمەنزار ئەبوو بە شەیدایی
بێ غەم و دەرد و دوور لە بوغز و قین
***
خۆزگە وەک تۆ لە گۆشەی دنیا
تێ بگەیمایە چەندە سەربەستی
بێ غەم و کەڵکەڵەی جیهان و سزا
وەکوو تۆ دوور ئەبووم لە دڵپەستی
***
ئەی پەپوولەی هەژاری ئێسک سووک
تۆ بەسەزمان و هێمن و مەزڵووم
بیری گەورەت هەیە و سەرێکی بچووک
فەلسەفەی ژین لە تۆ بووە مەعلووم
***
ئەی مەلی بێ هەوا و کیبر و غوروور
بفڕە بۆ خۆت بە عەرد و ئاسمانا
بفڕە بۆ خۆت بەزەمزەمە و بەسروور
کەمە هاوتات لە کردەوەی جوانا