شێرە سەگێکە هی دۆستێکی من

شێرە
لە کتێبی:
دیوانی بەختیار زێوەر
بەرهەمی:
فایق زێوەر (1908-1952)
 2 خولەک  749 بینین
شێرە سەگێکە هی دۆستێکی من
تا بڵێی وریا و زیرەک و هێمن
هەروەک یاساوڵ شەو تا بەیانی
لەبەر دەرگایە بۆ پاسەوانی
ئیتر خاوەن ماڵ بێ خەم بێ حەسحەس
بۆ خۆی لێی ئەنوێ و ناترسێ لە کەس
هێشتا نەمدیوە سەگی وا ئەمین
هیچ هەڵپە ناکا لەبۆ شت دزین
بام سەری تەبەق هەر بەرەڵڵا بێ
دەم بۆ نان نابا لەبەر لووتیا بێ
ئەبێ هاوڕێکەم خۆی بەشی دانێ
چونکە سپڵەیی و مووشە نازانێ
بە دوو نانی جۆ و کەمۆڵەیەک ئاو
قانیعە و هەڵمەت نابا بۆ پڵاو
هێند بەوەفایە کە بوویتە یاری
کە دیتی خۆی دێت بۆ لات بە یاری
هێشتا تووتک بوو کە منی دیبوو
منیش بە خۆشی خۆم پێ ناسیبوو
موددەتێ ڕابوورد کە دیم لێی ترسام
ئەو منی ناسی و هەڕای کرد بۆ لام
قرووسکە قرووسک هەروەک زوبان زان
تێی ئەگەیاندم جەفای لێک بڕان
ئیتر نازانم یاران چۆن حەیوان
ئەبێتە خاوەن ئەخلاقی وا جوان
بەڵێ هەندێکی هی مامۆستایە
بەڵام زۆریشی هەر لە خودایە
زۆری وا هەیە بە ناو ئینسانە
لێی ورد بیتەوە جان کوڕی جانە
ئەگەر ناودەمیان پڕکەی لە هەنگوین
لە تۆ بترازێن ئەکەونە نەفرین
بێ وەفا و سپڵە خائین نالەبار
کەموکووڕیی پیاو ئەبەن شاربەشار
ماڵی خزم و دۆست وەک گەزۆ و مازوو
ئەفڕێنن ئەیخۆن بە زۆری بازوو
شیرازەی دۆستی لایان پساوە
کەمترین هەڵەی تۆی لەبەر چاوە
بە قسە هیچی نەهێشتووەتەوە
بەڵام بۆ کردە زوو لێبووەتەوە
دیار بێ و دیار نەبێ ئەیەوێ کە پیاو
لە هیچە کەوشی بخاتە سەرچاو
لای تێگەیشتوو سەگێکی هەژار
بەشەرەفترە لە سەد بەدکردار
هەرچەند ئەوانە وەک پیاو خوڵقاون
بەڵام تا وا بن لای من گڵاون
شێرە تاو توو ناکەم بەوانە
هەرچەند حەیوانە کردەوەی جوانە
ئەشێ هەرکەسێ کە وا بێ خێرە
پێی بڵێی درێغ نابی بە شێرە