بڕوانە سووتنم وەرە بڕوا کە من نەمام
لە کتێبی:
دیوانی مەحوی
بەرهەمی:
مەحوی (1836-1906)
1 خولەک
3071 بینین
بڕوانە سووتنم، وەرە بڕوا کە من نەمام
پەروانەم ئیترم نییە پەروا کە من نەمام
ئەو نەونەمامە کەی بەری میهر و وەفا دەدا
بۆ من، لە دەستی جەور و جەفا دا کە من نەمام!
بازاڕی دەرد و خەمکەدەی ئەندۆهـ و کونجی غەم
بێ ڕەونەق و نیشات و سەفا ما کە من نەمام
مانم ئەوەندە پڕ فەتەراتە، کە قەوم و خوێش
ئومێدی هەر بە عەفوە، خودایا، کە من نەمام
چقڵی مەزاری من چەقییە دامەنی، چ سوود
شوومی بە ڕۆکی بەختمی بەردا کە من نەمام
ئەو شۆخە هەر کە نەعشی منی دی، قیامی کرد
چی بم من؟ ئەم قیامەتە هەستا کە من نەمام
مەحویناسناوی ئەدەبی کە غەمییە مردم و غەم پەروەری نیە
غەم مایەوە بە بێ کەس و مەئوا کە من نەمام