چوومە بنچینەی علوومی ڕەمل و جەفر و جەلجەلووت

تەتەببوعات
لە کتێبی:
دیوانی بەختیار زێوەر
بەرهەمی:
فایق زێوەر (1908-1952)
 2 خولەک  1203 بینین
چوومە بنچینەی علوومی ڕەمل و جەفر و جەلجەلووت
تێگەیشتم زەڕڕەیێ نەفعیان نییە هەروەک سرووت
ویفقی سێ سووچ و لەگەڵ چوارسووچ وپێنج سووچم کە دی
سووچەکانیان تێ گەیشتم، ئەی برا، لووت و بزووت
چەند کەڕەت نووشتەی ڕەشیم نووسی چ سوودێکی نەبوو
جەلبی دڵدارم ئەکرد ئەمما ڕەقیب بۆ لام بزووت
بۆ عەزیمەت خوێندنی جیننی لە وەختی نیوە شەو
مەستەکی و جاوی ئەسووتان دانە دانە و جووت بەجووت
تەلتەهیش یا تەیرەهووج سێ چوار هەزارێکم ئەخوێند
فائیدی چی هیچ نەهات بۆ لام جنۆکەی ڕووت و قووت
تازە وا بام دایەوە و بادانەوەش عەیبی نییە
شوێن کڵاوی سەخری جیننی ناکەوم وەک مایە پووت
تۆ مەچۆرە لای قەشە و مالووم و مەلا، گەورە کچ
کردەوەی جوانت ئەبێتە واسیتەی تەعجیلی شووت
ڕەمڵ و قاڵ نامە و مەلای دین تێکدەری ژن تەفرەدەر
دەستەڵاتم بێ بەجارێ ئەیخەمە ناو چاڵەقووت
دار و بەردی شەخسەکانی کەس نەناس و بێ ئەساس
وا لەجێی خۆی تەخت ئەکەم ئەیکەم بەدەشتی جێگە جووت
لەم پڕوپووچانە ڕزگارم بووە و جارێکی تر
دەست لە ئیشی توڕڕەهات ناکەم بە زاتی لایەمووت
خۆزگە وەک من تێ گەییوم کوردەواریش وا ئەبوو
ئەم قڕوقێڵانە بۆ نانە بە تەحقیق و سوبووت