توانەوەی بەفر

بە یادی نەورۆز
لە کتێبی:
شیعرەکانی کامەران موکری لە ڕۆژنامەکاندا
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
 2 خولەک  1278 بینین
توایەوە بەفری بەستەڵەک
ترپەی پێ دێ هی ڕەشبەڵەک
لە جاڕی نێرگسا، لە دەشت
وەک پەری و فریشتەی بەهەشت
کچانی ئاڵ و واڵا پۆش
هەڵئەپەڕن، گەرم، بەجۆش
ڕمبازیی شۆڕەسواری شەنگ
جۆش زیاتر ئەدا بە ئاهەنگ
ئەم دیمەنە وردانە، جوان
تامێک ئەبەخشن بە ژیان
تامێک، یادێک، وەک شەماڵ
دێنێ و ئەیدا لە ڕووی خەیاڵ
بۆیە مەلی دڵ ئەفڕێ
ڕێی هەزاران ساڵ ئەبڕێ
تیری زەهراویی «ئەهریمەن»
ئەیسمێ سەر دڵی وەتەن
ڕوومەتی بەر قوتیلەی کز
ئەلەرزێ وەک گەڵای پاییز
لەپڕ تیرێکی ئاگرین
ئەیدا لە پەنجەرەی ڕەنگین
یا دڵی ئەسمی یا ڕوو
سنگی کۆرپەی خەو لێ کەوتوو
ڕووی کچ کە دەرئەکەوت وەک گوڵ
تێی ئەچەقی تیر وەک چقڵ
هەموو ئاوازێکی بەجۆش
هەموو گۆرانییەکی خۆش
ئەتوانەوە «یەک» ئاوازە
«نەغمەی تۆڵە و ژینی تازە»
«کاوە» کە هەڵی کرد ئاڵا
گەل لە قەڵای زۆردار ئاڵا
ئەو چەکوشەی تاکوو «ئەمڕۆ»
شانازییە بۆ من و تۆ
لەسەری دوژمنا بوو
ڕزگاری بوو کوردی زیندوو
گۆرانییەکی خۆش داهات
ئێستەش باوە لە ناو وڵات
ئەی شمشاڵی گەرووی هەستم
ڕێکی خە لەگەڵ هەڵبەستم
سەرەتای ئەو گۆرانییە
ئەمەیە: «کە پڕ جوانییە»
«ژین کە دیلیی بێ سەرومڕ
ئیتر بۆچی نەبین بە گڕ»
تا خوێنمان نەڕژێتە گڵ
هەرگیز ناگەشێتەوە گوڵ
بەم تێکۆشانە گەلی کورد
ئاگرە گەشەی هەڵکرد
بەم ڕەنگە نەغمەی پڕ خرۆش
هەڵئەسا لە دڵەوە جۆش
ئەی هاوڕێی خۆشەویستی من
ئەی نەبەردی مەچەک ئاسن
لام وایە بەهارە بەتەنیا
جەژنی گوڵە، هۆزار، چیا