بووکی سەیوان
لە کتێبی:
شیعرەکانی کامەران موکری لە ڕۆژنامەکاندا
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
2 خولەک
1010 بینین
کچی جوان گەردنی نەرمی وەکوو گزنگی هەتاو
کەمەری تەنگ، قۆڵی سپی، قژی زەردێکی خاو
پەنجەی تا بڵێی ناسک، چاو بە ورشە ورشی کاڵ
نزیک چەناگەی ناوەڕاست چاڵێ تاقە یەک خاڵ
کچی جوان لەش و لاری نەخشی ئەوپەڕی جوانی
شەرمی هەستێکی نیانی هەڵئەدا هەر وەکوو کانی
هەر زێڕ بوو لە پشتی سەریەوە تاکوو کەمەری تەنگ
بریسک و هوڕی وەکوو سنگی بەهار جلی ڕەنگاوڕەنگ
دڵی بە کوڕێکا چوو بوو هەژار بوو، بێ تەلار
پارەی نەبوو، سامانی نەبوو، بێجگە لە دڵی هەژار
ئەو لاوە نەیئەوێرا داوای کچە بکا تا مردن
دووریش نەبوو هەر ناوهێنانی بە تەنیا نەبێتە هۆی کوشتن
چونکە سەروەتی ڕەشی گەڵاو ڕێی لێ تەنیبوو تا ئاسمان
ئەو کچە دەوڵەمەند و ئەم هەژار و بەبێ سامان
خۆ ئێستە دڵیش هەر بە پارەیە مامەڵەی پێ ئەکەن
یەکێک بچێتە داوای دڵێک ئەڵێن چەند پارە ئەدەن
کچە بەزۆر مارە کرا لە پیاوێکی پیری دەوڵەمەند
بە سنووق ئاڵتوون و پارەی زۆری هەبوو نەک بە کەمەرەند
فرمێسک کە ئەڕژانە سەر گۆنا دڵۆپ دڵۆپ ئەتوت
کە هێزی مردنە وا دێتە خوارەوە کوتومت
پەنجەی ئەم و ئەو ئارایشی ڕووی کچەیان ئەکرد
فرمێسکی لێڵیش ئەیسڕی و ئەو ڕەنگە ئاڵەی ئەبرد
بووک ئارایشی کرا بە سووراو و پشتێن و گەردانە
هەنسک و دڵی بە خورپە کەوتە ڕێ هی ئەو کچە جوانە
بەو ناڕەوایییە بەزۆر دایان بە شوو بە نابەدڵ
سا چۆن نەوەرێت ئاواتی ئەو کچە هەر وەکوو گوڵ
ئەوەندەی پێ نەچوو هەروا چەند مانگێک نەبێ تاڵ
بووک بوو بە بووکی سەیوان و بە میوانی جەرگی چاڵ
بەو داخەوە سەری نایەوە بەو دڵەوە بوو بە میوانی گڵ
نرخی چییە ئیتر دوای مەرگی ئەو توخوا پارە و خشڵ!!
کەسوکاری نەیانئەزانی بگرین بۆ دڵی یان بۆ گیان
بە دەستی خۆیان بوو دڵیان پلیشانەوە بۆ سامان
ئەی بووکی سەیوان یادت لە گوڵی ئەرخەوانا سوور
بۆ مەرگی زۆردارییە هەستی من شەپۆل ئەدات بێ سنوور