کانیی بەهرە
لە کتێبی:
زەبری هۆنراوە
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
3 خولەک
998 بینین
با بسووتێین بۆ وشەی جوان، بیری جوان
هۆنراوەی جوان ڕستی بە زەبر و ڕەوان
هۆنراوەی جوان لە گوڵاڵە جوانترە
لە کەژاو و لە ڕووبار ڕەوانترە
لە لووتکەی کێو بەرز و گەردنکەشترە
لە بڵێسەی گڕی ئاگر گەشترە
***
هۆنراوەی زەرد بە خەمی دڵ ئاو دراو
زەردی کاڵی وەک برژانگی خۆرەتاو
سپیی ناسک بووکی دەروونی خاوێن
سووری گەشی وەکوو پەڕەی گوڵی خوێن
هەموو جوانن، هەموو گەشن، پاراون
هەموو گوڵن لە ناو دڵا ڕواون
با هەزار و یەک هۆنراوەی ڕەنگاوڕەنگ
وەکوو کچی گۆشی ناز و شۆخوشەنگ
لەڕێی کانیی دڵا بێنە لەنجە و لار
بەرەو لووتکەی چیای هۆنراوەی نازدار
لەسەر دوگمەی پیانۆی دەروون ئاوازە
پەخشان بکەن بۆ ژینی وێژەی تازە
هەموو جوانن بەڵام ئەوەی نەمرە
تەنیا شیعری پەروەردەی ناو ئاگرە
شیعری کسپەی جەرگی بێ دەرەتانە
گوڵی پشکۆی خەباتی کوردستانە
هەڵبەستێکە وەک دەمی برین ئاڵە
هۆنەرەوەی ناسۆری ژینی تاڵە
پڕ هەنسک و تاسە و قوڵپی گریانە
بۆ هەڵمەت و بۆ ورە و تێکۆشانە
ڕەگی لەگەڵ ڕیشەی دڵ تێک ئاڵاوە
بە دڵۆپی خوێن و ئارەق نووسراوە
ئەی هۆنراوە ئەی لە مردن بەهێزتر
ئەی گوشی خوێن پەروەردەی کۆشی ئاگر
تۆ بە خەنجەر، دەس و پەنجەی خوێناوی
لە سەر دڵ و جەرگی مێژوو نووسراوی
***
وشەی ناسک، ڕستی شیرین و تەبام
شیعری ڕووناک وەک مانگە شەوی هیوام
ورشەی کانیی بەهرەی هۆنراوەی شیرین
نەخشی باڵی پەپوولەی شیعری نەرمین
لەرەی نەغمەی مۆسیقای سەلیقەڕێژ
یا زاراوەی پاک و وردی واڵابێژ
هۆنراوەی جوان پ.بەندی سەرکۆزەر گیراو
دێڕی وەکوو قژی وەکوو تاڤگەی ئاو
بەستەی تەڕی دەنگی ناسک و بەسۆز
چامەی ڕەنگین وەکوو سەرسنگی نەورۆز
سەد ئەستێرەی کاروان کوژەی هۆنراوە
وشەی ڕوون و ڕەوانی وەکوو چاوە
کامی جوانە و خۆی و بیر و ئاوازی
بۆ هۆنراوەی ئاگر ئەیکەم بە جیازی
لای من ئەبێ هۆنراوە بۆ هەژار بێ
دەنگی پاڵە و ڕەنجبەران و جووتیار بێ
ئەبێ قاڵبووی بۆتەی ڕەنج و خەبات بێ
ئەبێ خۆری کەلی بەرزی ئاوات بێ
ئەبێ بزە و گریان لێقەوماو بێ
زەبری تۆڵەی قارەمانی کۆژراو بێ
ئەبێ چنگ بێ و گیر بێ لە بینی دوژمن
ئەبێ چەک بێ بۆ کاتی هەڵمەت بردن
ئەبێ خوێن بێ، ئەبێ نەبەرد و جەنگ بێ
نەک بە تەنیا هەر وشەی ڕەنگاوڕەنگ بێ