سوتووی پەیام
لە کتێبی:
زەبری هۆنراوە
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
2 خولەک
962 بینین
نازداری دڵ ئەی لە دەروونا پشکۆ
ئەی درەختی مانگ و ئەستێرە و شەوبۆ
ئەی پەپوولەی زەردەخەنەی خەیاڵم
کچۆڵەی شەنگ، تاقە گوڵاڵەی ئاڵم
ئەی جوانترین هۆنراوەی تازەی دەروون
ئەی ئاوازی بڵێسە لە دڵ بەربوون
ئەی چاوی دڵ، ئەی شیرینتر لە چاوم
پێشکەشت بێ تاڤگەی تاسە و سڵاوم
ئێستە لەناو سەنگەرێکام سک سووتاو
لێو عەزرەتی، دڵ عەزرەتی قومێ ئاو
ئەنواڕمە دەمی ئەوانەی مردوون
پشکۆی تەزوو لە لێوی دڵم ئەسوون
ئەو دەمانەی کە ئاکامی گیانەڵاو
بانگیان ئەکرد هاوڕێینە قومێ ئاو
دوێنێش وا بووم بەڵام دوێنێ کوشتار بوو
خۆنواندنی دوا شاڵاوی ئازار بوو
گرمەی بۆمبا، فریشکی چیای ئەخست
بۆ گیان وەرین مردن دەشتی ڕائەخست
کە هێلانەی گوللەمان ئەورووژان
کەژ موورەغەی پڕ ئەبوو لە ژان
کە درنجی دووکەڵی گڕی چیا
چنگی قژی گیر ئەکرد لە گژوگیا
کە ئاگری هاواری هەڵمەت بردن
بەر ئەبووە دڵی ئاسنی مردن
دوا دڵۆپی ئارەقی لێڵمان ئەڕشت
دوا درنجی ترسی دەروونمان ئەکوشت
ئەمڕۆش چیا خۆی و کەژاوی جوانی
چاوەڕوانە بۆ کوشتار و قوربانی
وا دیارە خاک بۆ گەشەی بەهاری نوێ
خوێنی تری لاوانی کوردی ئەوێ
«ئەگەر هات و نامەکەم دوا پەیام بوو»
دڵی منیش بە قوربانی چیام بوو
جار جار لەبەر تریفەی مانگە شەوا
لەناو باخی پڕ لە هەنسکی خەوا
لەسەر ئاوی کانییەکی سارد و ڕوون
کە زەردەپەڕ تێی ئەڕژێ وەک ئاڵتوون
یادی لێوی تینووم تەڕ کە بەو ئاوە
گوڵ یادم بدە لەو قژە خاوە