سروودێ
لە کتێبی:
زەبری هۆنراوە
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
1 خولەک
807 بینین
ئەستێرەیەک بووم پەردەی شەوەزەنگ
بە ورشە ورشی گەشم ئەپوا
تۆوی گوڵاڵەی پێدەشتی بێدەنگ
لە خۆشیی شەوقی ڕووی من ئەڕوا
***
ئێوارە وەختە لە دەمی کەڵا
کاتێ ڕووناکیم ئەڕشتە کانی
لەگەڵ فڕین و جریوەی مەلا
جریوەم ئەهات بە شادمانی
***
کشام وەک تیری زیوین زۆر بەتاو
سەرەو خوار هاتم بەرەو ئاوی زیو
وەکوو مەلێکی گڕ تێبەردراو
کەوتمە دوای دەوەنی ناو شیو
***
چەشتم ناسۆر و سزایەک بەتین
جەستەم بە خەم و مەینەت داڕزا
تا پشکۆی دەروون، پشکۆی نەبەزین
گڕی لە دار و لە دەوەن بەردا
***
دوای ئەم سزایە ئینجا بووم بە مانگ
تریفەم دنیای ڕۆشن کردەوە
دەمەو ئێوارە نزیک کاتی بانگ
وترا کۆڵنەدان جێی خۆی گرتەوە
***
ئەم بەستە خۆشەی هەستم بۆی وەتەن
گۆرانیی گەرمی کوڕە شوانێ بوو
ئەو شوانەش دوایی هات وتی بە من
ئەمە سروودی قارەمانێ بوو
***
ژین ئاگرێ بێ و کڵپە بسێنێ
لە بەفری دیلی ئێجگار خۆشترە
دەنگێ بۆ شادیی گەل بنرکێنێ
لە دەنگی زەلیل زۆر بەجۆشترە