تکەی ئاگر
لە کتێبی:
زەبری هۆنراوە
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
2 خولەک
878 بینین
شەویان تکانە ناو پێڵووم
تکەی ئاگریان سوو لە ڕووم
مانگی دەروونیان شکانم
ئەستێرەی دڵیان پروانم
لووتکەی چیا داماوەکان
گوندە ڕەشە سووتاوەکان
ئەسرینی کڵپە ئەڕێژن
جریوەی ناسک ئەنێژن
بە نۆ خەنجەر دڵیان سمیم
لە ئاگر و خوێناو ئەژیم
نۆ ساوای هیوایان کوشتووم
ئارامی نۆ ساڵیان ڕشتووم
وا شیعرم داگیرسانەوە
ئاسنی سامم توانەوە
دوا قەڵای وەنەوزم ڕووخان
خوێنی ئۆقرە و ماتیم ڕژان
هاتوومەوە بەرەو مەڵبەن
بەرەو شاری دەروون بۆگەن
بنوو ئەی شاری خامۆشان
شاری نەفام و ڕەشپۆشان
دوور لە ئەرخەوان سووری سام
بنۆشە شەرابی ئارام
با گوڵانی یاد هەڵوەرن
دروشمی زەبر داگرن
تەرمی خەمخواریی بنێژن
خوێنی ڕابوردوو بڕێژن
بنوون، نووستنێکی بەتام
نووستنی گێلۆکەی نەفام
ئەوانەی مردن بۆ وەتەن
لە خەویشا ناویان نەبەن
دڕدەن ئەی کێوانی ژیان
ئەبێ شاخ بێنمە گریان
ئەبێ هەزاران پێشێل کەم
تا ئەگەمەوە دڵەکەم
ئەو دڵەی وەک دڵان نییە
سەختە نەرم و نیان نییە
بێبەزەیی بە و ژان بە دەست
وەک خۆم جەربەزە و بێدەربەست
وەک ئێوە نالەبار نییە
کۆیلەی کۆشک و تەلار نییە
دڵە گەشەکەی جارانە
«دڵی پاکی تێکۆشانە»