یەکەم ئەرخەوان

لە کتێبی:
ئاوات و ڕەنج
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
 3 خولەک  1206 بینین
وەکوو کێوێکی ئاگرین
ئارامی گەل هاتە لەرزین
هەزاران چاو ئەشکی تێزا
دڵ بە پشتی خەما چزا
ئەستێرەکان ورد ئەوەرین
بۆ ناو قەترەی ئەشکی خوێنین
سۆزی دەنگ گڕی ئەنایە
دڵێک نەوتی تۆڵەی تیایە
شەپۆلی مەچەکی ئاسن
ئەینووسی نا، نابێ بمرن
ئەبێ بژین
#
بژین وەک کێوی ئاگرین
مناڵ لە باوەشی ساما
لەگەڵ هەستی بێ ئاراما
لە باخی ژیانی زەردا
لەناو تەمومژ و گەردا
ئەگریا وەکوو فریشتە
ئەیوت بۆ چی ئەم بەهەشتە
بەم جۆرە ئاوا گڕ ئەگرێ
بابە پێم بڵێ کێ ئەمرێ
لە دڵا هیوای سەرکەوتن
ئەینووسی «نا، نابێ بمرن»
ئەبێ بژین
#
بژین وەک کێوی ئاگرین
شمشێری هەواڵی خەمگین
دای لە سلێمانیی شیرین
شەقامەکان باوەشیان کرد
بەوانەدا ڕۆڵەن بۆ کورد
لەو ڕۆژەوە گردی سەیوان
دیوێتی یەکەم ئەرخەوان
بەم جۆرە نەجۆشاوە شار
نەیدیەوە کاتی وا غەمبار
کاتێ شەو بار و کۆچی خست
گیانی چوار لاو کەوتە سەر مست
چوار قەنارەی ڕەش ڕێک خرا
چوار پەت ئەڵقەی گرێ درا
شەپۆلی مەچەکی ئاسن
ئەینووسی نا، نابێ بمرن
ئەبێ بژین
#
بژین وەک کێوی ئاگرین
هەموو دەنگێ بڕایەوە
لە دەریای ژینا توایەوە
سروەی نیانی بای شەماڵ
دەنگی پڕ لە سۆزی مناڵ
نەغمەی تریقەی گەرم و خۆش
هاژەی پێکەنینی بەجۆش
کام دەنگ پڕێتی لە تەزوو
دەنگی ئۆخەی پڕ ئارەزوو
بوون بە سروودی پەلامار
بۆ سەر قەڵای ڕەشی زۆردار
دەنگی هەزاران و هی من
ئەینرکان نا، نابێ بمرن
ئەبێ بژین
#
بژین وەک کێوی ئاگرین
هەموو ڕەنگێ کوژایەوە
لەبەر چاوم بڕایەوە
ڕەنگی پیرۆزەییی ساماڵ
هی گوڵەزەردی نەختێ کاڵ
پاچیمەنی تەڕ و پاراو
قەڵبەزی وەکوو زیوی خاو
ڕەنگی قەترەی گەشی شەونم
گورزەی جوانی گوڵەگەنم
بوون بە ڕەنگی سوور بەتەنیا
یەکسەر سوورهەڵگەڕا دنیا
ڕەنگی ئاڵی تۆڵەسەندن
ئەینووسی نا، نابێ بمرن
ئەبێ بژین
#
بژین وەک کێوی ئاگرین
کاتێ ڕەنگڕێژەکەی سروشت
خۆڵەمێشی ئاسمانی ڕشت
دڵی ناو پۆستاڵی دوژمن
چوار لاوی برد بەرەو مردن
چوار لەشیان داینەوە بێ گیان
بوون بە مەشخەڵی تێکۆشان
دەنگێک گەیشتە نیشتمان
دەنگی دواوتەی کۆڵنەدان
بانگی کرد وا ئێمە ئەمرین
تا ئێوە بە شادی بژین
دوا وتە «بژی کوردستان»
بژی کورد، بژی کوردستان
***
بە خوێنی نۆزدەی حوزەیران
نووسیم چوار لاوی قارەمان
قودسی و خۆشناو کاکە عززەت
خيراللهعەرەبی مردن بۆ میللەت