دڵکرد

لە کتێبی:
ئاوات و ڕەنج
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
 1 خولەک  1010 بینین
هۆنراوەت بۆ ئەڵێم بەتام
پڕی بێ لە تەزووی ئارام
بریسکەی لێ بێ وەکوو ڕووت
ورشەدار بێ وەکوو یاقووت
تۆش هۆنراوەی وا هونەرچن
بهۆنەرەوە بۆ گەردن
***
هۆنراوەم هەیە وەک کوڵم
گەشە ئەی نازداری دڵم
گیانەکەم من پێت ئەبەخشم
هۆنراوەی وا جوان و گەشم
تۆش دەمی بنێرە سەر دەم
با گەشتر بێ هۆنراوەکەم
***
ئەتدەمێ خۆشترین هەڵبەست
ئاو بزێنێتە دەمی هەست
خۆش بێ وەکوو چرپەی دەمت
لایبەرێ لە دڵتا خەمت
کەی تۆ بە تاسەوە مژیت
ئەڵێم ئەی هۆنراوە ئەژیت
***
هۆنراوە ئەڵیم بۆ باڵات
بۆ سنگی بەرزی بێهاوتات
تۆش ئاوریشمی هۆنراوەی جوان
لەبەر کە ئەی پەریی ئاسمان
هەرچیم هەیە هۆنراوەی ورد
بەرهەمی شیرینی «دڵکرد»
ئەیبەخشم بە لار و لەنجەت
بە ناسکیی دەست و پەنجەت
تۆی هۆنراوەی ژیانی من
ژیانی شیعرەکانی من