ورشەی داس

لە کتێبی:
گوڵ ئەستێرە
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
 2 خولەک  735 بینین
ئەی هاوڕێیانی قوتابیم
من لە دەروونتانا ئەژیم
لە ئاگری گۆرانییا
لە نرکەی کامەرانییا
لە ورشەی ئەستێرەی گەشا
لەناو قەیتانێکی رەشا
لە تیشکی مانگی ئەمەلا
لە جریوەی خۆشی مەلا
ئەی هاوڕێیانی قوتابیم
هەرگیزاوهەرگیز من ئەژیم
کاتێ ئەم لەشەیان کوشتم
خوێنی ئەم دڵەیان ڕشتم
لەگەڵ دووکەڵ و ئاگرا
کشام بەرەو ئاسمان برا
ئێستە لە ئەستێرەیەکام
گوێم لێیە پێم ئەڵێن کوژرام
گوێم لێیە لە ورشەی داسا
لە هۆرەی خاڵۆ هەباسا
دەنگی سروودی سەرکەوتن
ڕائەماڵێ قەڵای دوژمن
جوتیار: بۆ خۆتانە «شارا»
چرای خۆشیتان هەڵکرا
خەلەتان زەردە وەک ئاڵتوون
ئەی برای جوتیار چاوتان ڕوون
بۆ خۆتان ئەکەن شەن، درەو
ئاگری ڕۆژ سووتانی شەو
وتم زۆرداری و خوێنمژی
چەوسانەوە نابێ بژی
بۆیە درامە بەر تفەنگ
تاکوو پشکۆی گەشاوەی دەنگ
بنێنە ناو ئاوی مردن
لایان وایە بە خوێن ڕشتن
لەشکری «بەیان» ئەبەزێ
چنگی هەقی گەل ئەتەزێ
ئەی خاوەنی زەوی و زاری
میراتی هێزی زۆرداری
باوکە «چاو شینەکەتان» مرد
ملی کەچ ناکا گەلی کورد
ڕژێمی جمهووری ڕەگی
خوێنمژینی دەرەبەگی
لەبن دەرهێناوە لەبن
خاوەن ماڵ تەنیا جوتیارن
ئەم خاکە ئەم زەوی و زارە
پشتاوپشت ماڵی جوتیارە
ئەی هاوڕێیانی تێکۆشان
خەفەت و «قوتیلە» و گریان
کسپەی زامی کۆنی بەسوێ
بنێنە ناو تابووتی نوێ
ئەی پاڵە و هاوڕێی قوتابیم
هەمزەی حەسەنناوی تایبەت ئەڵێ ئەژیم
هاوڕێینە بۆ من مەگرین
«بڵێن هەر بژی نەبەزین»