دەفتەری کۆن

لە کتێبی:
گوڵ ئەستێرە
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
 1 خولەک  859 بینین
ژووری ڕەش، دەفتەرێکی پان
چوار پێنج سیسرکی بەسزمان
مێزێکی گەورەی کۆن و شڕ
کۆمەڵێ کاغەزی ونجڕ
یادی کۆنم هی هەشت نۆ ساڵ
بیرەوەریی شیرین و تاڵ
ڕژانە سەر ڕووباری گیان
گەرداوێ هەڵسا بێئامان
لەو دەفتەرەدا یەک یەک ناو
ڕیز بووبوون وەک کوللەی سووتاو
ئەمیان هی دزێ بوو برسی
لەتاو نان ئەیکێشا حەپسی
ئەویان هەژارێ بێتاوان
یەک بە دوای یەکا ئەگریان
ناوت چییە؟... من؟... کامەران
پێتەوەیە خاڵ و نیشان؟
پیاوێ بوو خوای دەفتەری کۆن
شێوەی ڕێوی سەرنجی مۆن
چوومە ناو لاپەڕەی دەفتەر
ژمارەی خۆمم کردە بەر
بیبەن بۆ ناو جەرگی زیندان
«بۆی داکوتن کۆتی گران»
چوومە ناو چوار دیواری تەنگ
ئێوارە بوو دنیا بێدەنگ
دەنگێک قاقایەکی ئەنارد
ساڵی حەپسی خۆی ئەژمارد
وس بن ئەمە دوو، نەء سێی پڕ
لەم زیندانەدام سەر و مڕ
هەر ئەوە بوو تاوانی من
وتم کەس مەکەن بە گاسن
هەژار مەکەن بە خشت و بەرد
بۆ کۆشکی بەرزی سوور و زەرد