کۆرپەلەی کوردستان

بەبۆنەی ڕۆژی دایک و مناڵە، لە سەر زمانی دایک وتراوە
لە کتێبی:
ئاگر و ژیلە
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
 1 خولەک  665 بینین
ئەی کچە نەشمیلانەکەم
کۆرپەلە خنجیلانەکەم
فرمێسکم کرد بە ملوانکەت
پەڕەی دڵیشم بە لانکەت
لە تیشکی گزنگی زێڕین
بۆم کردی ئەگریجەی چین چین
لە پەڕەی گوڵاڵەی ناسک
گۆنام بۆ کردی و تکەتک
شەونمی دەمم پیا ڕژان
ئەی کۆرپەلەی نازدار و جوان
تۆش کە گەورە بووی، بووی بە ژن
ببە بە شانازی بۆ من
ئەگەر بۆ کورد و نیشتمان
تۆ هەوڵ بدەیت بێ وچان
ئەگەر وەکوو مۆمی کافوور
ئەی جوانکیلەی گەردن بلوور
بتوێتەوە بۆ گەل، وڵات
ببی بە ئاگری خەبات
ئەوساکە لێت ئەبم ڕازی
بۆ کورد ئەبی بە شانازی
من دایکی تۆم بەڵام گیانە
ئەم وڵاتی کوردستانە
تۆی پەروەردە کرد بە جوانی
تۆش سا ببە بە قوربانی