کچکەی بەرتیلە

نەزانی و هەژاری
لە کتێبی:
ئاگر و ژیلە
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
 2 خولەک  1040 بینین
لە ساڵی ١٩٤٧ دا کە تازە پێم ئەنایە باخی گەنجێتییەوە چووم بۆ «ناونووسین» (احصاء النفوس) وە لە دێیەک لە دێکانی کوردستان ئەم ڕووداوەم دی... وە بە دەسکارییەکی کەمەوە لە ساڵی ١٩٥٧ دا کردم بەم هۆنراوەیە:
لامان دایە دێیەک بچووک
باخی ڕازاوە وەکوو بووک
ماڵی ئاغا بە گەچ سپی
داوێنی گوڵی پەمەیی
بۆنی خۆش، ئاوازە و بەستە
کام دەنگ بزوێنەری هەستە
ئەیاندا لە پەردەی دڵم
زۆر خۆش بوو بەستەی «ئای گوڵم»
لە ڕێگەی کانیی کەڵەک بەرد
کیژی ڕوومەت گوڵی بێگەرد
ئەهاتە لەنجە ورد بۆ ماڵ
سنگ ئەیلەرانەوە دەسماڵ
لەگەڵ لەرینەوەی لەشا
هەڵهێنانی چاوی گەشا
پەپوولەی خۆشەویستیی گیان
ئەفڕین بۆ شیناییی ئاسمان
چوومە زنجێک تاریک و تەنگ
دانیشتم مەلوول و بێدەنگ
دڵتەنگ بووم بۆ کۆمەڵێ گیان
کە بەشیان خەفەتە، گریان
پیرێژنێک هات گاڵۆک خوار
بەژنی وەکوو کۆتەرەدار
نواڕییە ڕووم بنمیچی ڕەش
دوا تیشکی زەردی خۆری گەش
وتی و دەمی پڕ پێکەنین
ئەی شارستانیی ڕوو شیرین
نە پارەم هەیە نە ماڵات
بە تۆی لاوی بکەم خەڵات
گەر ناومان بنووسی یەکسەر
ئەتنێمە سەرچاو، تەپڵی سەر
ئەڵێن هاووڵات ژماردن
ئەکەن بۆ شەکر بەشکردن
توو بی لاویت ئەی کوڕی جوان
توو بی دڵی پڕ لە وجدان
بێبەریمان مەکەن برا
چاوەڕێین بۆ شکر بۆ چا
لەدوای تاوێک ئەسرین ڕشتن
ئاخ هەڵکێشانی دڵی من
هاتن بە ڕیز شەش کچی شەنگ
نیگاریان ورد و ڕەنگاوڕەنگ
مەمکی ژێر کراسی دڕاو
لە شەرما ئەلەرزی بەتاو
شیتاڵی جل وەک هەوری زل
تیا دەرئەکەوت لاڕانی شل
پیرێژن نواڕییە کچان
وتی ئەی کوڕ، ئەی هێزی گیان
هەڵگرە بەرتیل شۆخی دێ
لەمانە کامیانت ئەوێ
***
کە جێم هێشت ئاواییی غەمگین
گوێم لێ بوو دەنگێکی شیرین
بە گریانەوە وەک ساوا
ئەڵێ «ئەی شۆخەسوار» توخوا
بەرتیلیش نەبم هەر بمبە
لەم ژیانە ڕزگارم کە
چیلکە چنینەوە و بژار
نانی گاڵ و زەبری زۆردار
جوانیی ڕووم، بەژن، قژی خاو
ئەکوژن با بێم ئەی کوڕی لاو
ئەوسام ئێستەم بوایە بەڕاست
ئەو کچە نەشمیلەم ئەخواست